کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتیش هەر لە تەماتە جوانە

11:43 - 4 سەرماوەز 2724

سیاسەتیش هەر لە تەماتە جوانە

دارسمە

"تەماتەو‌ڕۆن"، "خیاروتەماتە"، "شۆرباوتەماتە"، "تەماتەی برژاو"، "ئۆملێت" یان "هێلکەوتەماتە" و ئەمانە و چندین چێشت و خواردەمەنیی دیکە بەرهەمی بەردەوام‌بوون و خۆراگریی تەماتەی سوور و جوان و خۆپێشاندانی لە سەر خوانی دەوڵەمەند و هەژارانە.

ئەوەندەی من و خوێنەری بەڕێزی ئەم دێڕۆکانە لەبیرمانە، تەماتە بەردەوام خەباتی کردوە و تێکەڵێ هەمووجۆرە چێشت و خواردەمەنییەک بووە و ئیزنی نەداوە هەژاران بە برسیەتی سەر بنێنەوە و دەوڵەمەند و خواپێداوانیش لە کاتی خواردنەوەدا لە ساڵاد و مەززە بێبەری بن.

هەمووتان ئاگادارن تەماتە چۆن بە پارچە‌کراوی وەک دەروێشی بەئەمەگی زەرگ‌وەشێن دوای ئەوەی ئەم سیخە تیژە بە سینەی دادەکرێت، وەک هاوڕێی گیانی بە گیانیی کەباب و دونگ، خۆی داوێتە سەر پۆلوو و پشکۆ و پەنگران و لە پێناو تێرکردنی مرۆڤی پاشای مەخلووقاتدا هەڵدەکڕووزێت. ئەمە ڕاستە و لە کەس شاراوە نییە تەماتە ئەوکاتەی لەسەر پۆلووی ئاگر شان بە شانی گۆشت و چەوری دەبرژێت، بۆنی لەژێر هەیمەنە و دەستەڵاتی بۆنی بەز و گۆشت و دونگ و چەورییەکانی دیکەدا ون دەبێت و ئەم بۆنانە بەتەواوی بۆنی ئەو دادەپۆشن، بەڵام کەبابیش بێ تەماتە وەک هەتیوێکی بێکەسە و ئەگەر سماق فریای نەکەوێت، دەبێتە هۆی داتەپینی دڵ و گەدەی مرۆڤی برسیش.

هەر ئەم تەماتەیە ئەوەندە بۆ مرۆڤ بەوەفایە، لە ترسی ئەوەی لە وەرزی سەرما و لە کاتی پێویستدا دەستی مرۆڤی پێ ڕانەگات، خۆی دەخاتە سەر ئاگر و ئەوندە لەسەر ئەم ئاگرە دەمێنێەوە، وەک پارچە خوێنێکی خەستی لێ دێت و مرۆڤی ئەمەگ‌نەناسیش ناوی "ڕوب" و "ئاوە تەماتە"ی بەسەر دادەبڕێت و جارێکی دیکە دەیکاتەوە ئاوێتەی هەموو ئەو جۆرە خۆراکانەی خۆی حەزی لێیانە.

ئەم خەڵکە وادەزانن تەماتە تەنیا خواردنێکە و هیچ عەقڵ و تێگەیشتنی نییە. ئاخر بەمجۆرەی لەسەروە باسمان کرد، کەم خواردن هەیە تەماتە لە خۆشکردنی تام و چێژیدا کاریگەر نەبێت. هەر ئەم تەماتەیە لە جیهانی سیاسەت و دونیای پڕلە کێبرکێی ئەم سەردەمەشدا وەک سیاسەتوان و پەرژینی لێقەوماوانی سیاسی دەور و کاریگەریی خۆی هەیە. منی نەزانۆکە و ئێوەی خوێنەریش بە زانا و کەم‌زان و نەزانەوە، لەم دواییانەدا ئاگاداری بارودۆخی سیاسیی جیهان و ناوچە هەن. ئاگادارن چۆن زایۆنی مەیدانیان بە فەلەستین و لوبنان و سووریه و ئەم ئێرانەش تەسک کردووەتەوە. ئاگادارن لەنێو سەرسوڕمانی ئەم هەموو چاودێر و ماودێر و سیاسی و میاسیانەدا چۆن دۆناڵد ترامپ زۆر بە چاوەڕوان‌نەکراوی دەنگی هەرەزۆری خەڵکی ئەمریکای بۆخۆی برد و جارێکی دیکە بۆوە بە سەرۆک‌کۆمار. ئاگاداریشن کۆماری ئیسلامیی خۆمان چۆن حوکمی کوشتنی ترامپی دەرکردبوو و ئێستاش چۆن دەڵێت ئێمە ئەم ناماقوڵییەمان نەکردوە.! لە نێو وڵاتیشدا ئاگادارن چۆن خوێندکارێکی زانکۆیەکی تاران بە ستیان و تنۆکەیەکەوە بە ڕۆژی ڕوون هەرامەی پێشانی بەرپرسان دا و تەقەی سەریشی نەهات. دەبێت ئاگاداریش بن چۆن "مەلانیا ترامپ" خانمی یەکەمی ئەمریکا بە تووڕەییەوە دەگەڵ شووە لە هەڵبژاردن سەرکەوتووەکەیدا نەڕۆیشته کۆشکی سپی و ئەو گلەییەی کرد کاتی خۆی پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمریکا لە کاتی گەڕانی ماڵیان چەنگیان ناوەتە نێو جلەکانی و دەستیان لە تنۆکە و شتی لەم جۆرەی داوە.

خۆ هەر نەبێت ئاگاداری ئەم هەواڵانەن دوای ئاخرین هێرشی دەوڵەتی جوولەکان بۆ سەر ئێران سەبارەت بە لێدانی بنکەی ئەتۆمی و مەتۆمی بڵاو دەبنەوە و ئاگاداری ئەمەشن چۆن ئێران هەڕەشەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم و هێرشی سێهەم بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و ئەم گڕوسی و مڕووسی و شتەش وەک دێن و بە ئێراندا دەخولێنەوە و بیانووی پێتاندنی زیادەی یۆرانیۆم و هێندێک شتی‌ دیکەی پێ دەگرن. خۆ ئەگەر ئاگاداری ڕووداوی وەک خۆدزینەوەی ئێران لە تۆڵەسەندنەوەی ئاخرین هێرشی ئیسرائیل بن، بێگومان ئاگاتان لە خەبات و بەرخۆدانی تەماتەشە.

تەماتە، ئەو تەماتەیەی لە سەرەوە باسمان کرد، چۆن لەنێو "تەماتەوڕۆن" و "ئۆملێت" و "شۆرباو تەماتە" و بە برژاوی دەگەڵ کەباب لە پێناو مرۆڤدا خۆی بەخت دەکات، ئێستا لەنێو ئەم هەموو ڕووداوە سیاسییانەدا شانی داوەتە بەر سیاسەتیش. ئێستا تەماتە خۆی کردوە بە کەسایەتیی سیاسی و ئابووری و وەباڵ بە ملم لێشی دەوەشێتەوە و ئەم سیاسەتە هەر لەخۆی جوانە.

لە کاتێکدا نرخی دۆلارێکی ئەمریکایی بۆ نزیکەی حەفتا هەزار تمەن فڕیوە و به‌هۆی تەنگژەی ئابووری و بردنەوەی ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری و هێرش و هەڕەشەی ئیسرائیلەوە ئێران تووشی کێشەی زۆر گەورە هاتوە و بەناچاری جاروبار خۆی لە وڵامدانەوەی ئیسرائیل دەزێتەوە، ئەمە تەماتەیە پشتی کردووەتە "تاوە" و "مەنجەڵ" و "قابڵەمە" و "مەنقەڵی کەباب‌برژاندن" و یک‌سەر خۆی فڕێداوەتە نێو دونیای سیاسەت و لەنێو سەرسوڕمانی پسپۆڕانی بواری سیاسەت وئابووری و تەنانەت ئایینیشدا خۆی کردووەتە سەر هێڵی هەواڵان و ملی داوەتە بەر لەبیربردنەوەی هەموو ئەم شتانە.

بە هەموو لێهاتوویی و چازانیی تەماتەوە، دەبێت بڵێین سیاسەتیش هەر لە خۆی جوانە. ئەی ئەوە نییە سەروبنی پرسیاران ئەمەیە ئەرێ نرخی تەماتە دانەبەزی؟ دیارە کەسایەتییەکی سیاسیی وەک تەماتە ئەگەر نرخی لە بەرانبەر پارەی هیچ و پووچیشدا داشبەزێت، لە نرخە سیاسییەکەی کەم نابێتەوە.