ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەز، دایە کوبرا ئارەزوو، دایکی شەهید سلێمان شوکری لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا لە بۆکان، بە هۆی نەخوشییەوە کۆچی دوایی کرد.
ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، سلێمان شوکری یاسکەندی، لاوی تەمەن ٢٩ ساڵەی خەڵکی بۆکان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە تەقەی گولـلەی چەکی تاپڕ لە سەر و دەموچاوی و هەروەها لێدانی باتووم لە سەر و ملی بە سەختی بریندار کرابوو. ناوبراو سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان و دواتر بەهۆی نالەباریی جەستەیی بۆ نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ، گوێزرایەوە؛ بەڵام بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە پاش دوو ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ، گیانی لەدەست دا.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی دایە کوبرا ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەز بە بەشداریی دایکانی شەهیدان و خەڵکی شۆڕشگێڕی بۆکان بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.