دوکتور مەنسوور سۆهرابی پسپۆڕی ژینگە لە دیمانەیەکی تایبەتیی لەگەڵ ''کوردکاناڵ'' لە بابەت بەڕێوەبردنی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی لە چەند ڕێکاری زانستیی گرینگ سەبارەت بەم خزمەتە نیشتمانییە کردووە.
دوکتور مەنسوور سۆهرابی سەبارەت بەم هەڵمەتە ژینگەپارێزییە باس لەوە دەکات کە کوردستان دەبێ هاووڵاتییانی بە باشی ژینگەی ئەو شوینە و ناوچانە بناسن و کەڵک لە نەمامی ئەو گیا و دارانە وەرگرن کە پێشتر لەو شوێنە لەنێو چوونە.
دوکتور مەنسوور لەو بارەوە دەڵێت لەو ناوچەیەکی کوردستان کە پێشتر دار بەڕووی لێ نەبووە، ئەگەر هاووڵاتییان بەهۆی ئەو هەڵمەتەوە دار بەڕوو لەو شوێنە بچێنن، لە داهاتوودا خەسارێکی گەورە بە ژینگەی ئەو ناوچەیە دەگەیەنین کە قەرەبوو ناکرێتەوە.
سۆهرابی باس لەوە دەکات ژینگەی ئەو ناوچانەی کوردستان کە تایبەتی دار بەڕوو نییە، ئەگەر لەوێ دار بەڕوو بچێنن و ئەو دارە کە ئافەت و نەخۆشیی تایبەت بەخۆی هەیە و لەو شوێنە گەشە بکات، دەبێتە هۆی ئەوەی ژینگە و ئێکۆسیستمی ئەو ناوچەیە تێک بچێت و کاریگەری لەسەر کشتوکاڵیش دابنێت و خەسارێکی زۆر لە باخەکان بدات.
ناوبراو باس لەوە دەکات کە هاووڵاتییان دەبێ بە زانیاری و شارەزایی لە ژینگەی ناوچەکانی کوردستان و بە ناسینی جۆری گیا و دارەکان و نالێکییەکانی زەوەی ئەو هەڵمەتە بەڕێوە ببەن.
هاەروەها دوکتور مەنسوور دەڵێت هاووڵاتییان لە کوردستان نابێ بۆ بەرەودانی کشتوکاڵی، ژینگە و دارستان و لەوەڕگەکان تێک بدەن، دەبێ گرینگییەکی زۆر بە لەوەڕگەکان بدرێت و بیبووژینەوە.
"زاگرۆسانە" هەڵمەتێکی ژینگەییە کە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان ماوەی چەند ساڵە بە چاندنی دەنکە بەڕوو بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکان و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی و هەروەها درێژەدانی ڕێگای "شەهیدانی ژینگە" لە زاگرۆس بەڕێوەی دەبەن.