بەرپرسانی ڕێژیم لەهەمبەر پەسەندکردنی بڕیارنامەی شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی لە دژی بەرنامە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە، دژکردەوەی توندیان نیشان داوە و هەڕەشەی ەەگەڕخستنەوەی هەزاران سانتریفیوژی نوێیان کردووە.
لە دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی شۆرای حوکام لە دژی پێشێلکردنی بەرجام لەلایەن ڕێژیمەوە، بەرپرسانی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە هەزاران سانتریفیوژی نوێ بۆ پیتاندنی ٦٠ لەسەدیی ئۆرانیۆمیان کارا کردووەتەوە.
بێهروز کەماڵوەندی، وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران، رۆژی هەینی، ٢ی سەرماوەز، لە یەکێک لە کاناڵەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا وتوویەتی: بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمێنانی وزەی ناوکی دژکردەوەیە بەنیسبەت ''گوشار و هەڕەشە''ی وڵاتانی ڕۆژاوایی.
کەماڵوەندی هەروەها وتوویەتی: ئەو گوشارانە ئاکامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە و بەرهەمهێنانی پیتاندنی زیاتری بەدواوەیە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەو ماشینانەی کە ڕافائێل گرووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە سەردانی کۆگەی وزەی ناوکییەکان نیشانی داوە و ئامادەی چالاکردنەوە بوونە، وتوویەتی: پیتاندنی ٦٠ لەسەدی لەگەڵ هەزاران سانتریفیوژ لە شەوی پێنجشەممەوە دەستی پێکردووە و لە سەرەتادا وا بڕیار بوو کە پیتاندنی ٦٠ لەسەدی بۆ ماوەی یەک مانگ ڕابگیردرێت.
قسەکانی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران لە کاتێکدایە کە ڕێژیم لە کاتی سەردانی گرووسیدا بەڵێنی دابوو کە پیتاندنی ٦٠ لەسەدی وزەی ناوکی ڕابگرێت هەتاکوو ڕێگری لە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکی دیکە لە دژی چالاکییە ناوکییەکانی بکات.