کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری پزشکییان: ٢٧ دەزگا لە بواری حیجابدا پارە وەردەگرن

22:27 - 4 سەرماوەز 2724

زەهرا بێهرووز ئازەر، جێگری مەسعوود پزشکییان لە کاروباری ژنان و بنەماڵە، بە ئاماژەدان بەوەی کە ٢٧ دەزگای ڕێژیم لە بواری "حیجاب و عیفاف"دا پارە وەردەگرن وتی ئەو دامەزراوانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتەوە لەسەر ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە.

ناوبراو سەبارەت بە گەڵاڵەی ڕێژیم لەژێر ناوی "کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابی" بە ماڵپەڕی "ئیلنا"ی ڕاگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە بە قسەی خۆیان هیچ بڕیارنامەیەک و بوودجە و بەرنامەیەکی لەلایەن دەوڵەتی ئێستا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە نەبووە.

جێگری پزیشکیان بە ئاماژەدان بەوەی کە وەزیرانی ناوخۆ و ڕۆشنبیری و ئێرشادی ئیسلامی بە فەرمی لە کۆبوونەوەی کابینەی دەوڵەتدا ڕایانگەیاند کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان دەوڵەت و ئەم پڕۆژەیەدا نییە، وتی ئەگەری ئەوە هەیە کە هەندێک کەس یان گرووپێک بەنیاز بن ئەم پلانە بەکار بهێنن بۆ ئەوەی پێگەی دەوڵەت لاواز بکەن.

پێشتریش لە ٢٧ی خەزەڵوەردا محەممەدحوسێن تاهیری ئاکۆردی، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی ئەمری به مەعرووف، کلینیکی وازهێنان لە بێ حیجابیی وەکوو بەشێک لە گەڵاڵەیەکی بەرفراوان ناو برد و ڕایگەیاند، ئەم ناوەندە بە هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، فەرماندەیی پۆلیسی ئینتزامی و سپای پاسداران ئەو گەڵاڵەی داڕشتووە.

هەروەها مێهری تاڵبی دارستانی، بەرپرسی بەشی ژنان و بنەماڵەی پارێزگای تاران، ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکی زۆرە جێبەجێ کراوە و تا ئێستا ٢٥٥ ملیارد تمەن بوودجەی بۆ دابین کراوە.

لە ئێستادا کە کاربەدەستێک هەبوونی ئەو پلانە ڕەد دەکاتەوە و کاربەدەستێکی دیکە باس لەو بوودجەیە دەکات کە بۆی دیاری کراوە و ناڕوونییەکی زۆر لەم بوارەدا هەەیە، لە شەقام و کۆڵانەکانی ئێراندا هێزەکانی ڕێژیم هەر جار بە ناوێک و پلانێک هێرش دەکەنە سەر ژنان و کچان و سنوورداریان دەکەنەوە.