کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری خۆكوشتنی منداڵان له‌ ئێراندا/ لە ساڵی ١٤٠٢دا نزیکەی حەوت هەزار کەس خۆیان کوشتووە

22:35 - 4 سەرماوەز 2724

ئاماری خۆكوشتنی منداڵان له‌ ئێراندا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی تا ئێستا له‌لایه‌ن ڕێژیمی ئێرانه‌وه‌ بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه، بەڵام میدیاکان هەندێک جار دوای پێداچوونەوە بە هەواڵە بڵاوکراوەکان ڕاپۆرتیان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

نموونەیەک لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ ڕاگه‌یندرابوو ١٩٦ منداڵ لە پێنج ساڵی ڕابردوودا له‌ ڕێگه‌ی خۆكوژییه‌وه‌ كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێناوه‌.

 لەو ڕاپۆرتەدا ناکۆکیی خێزانی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، منداڵ هاوسەری و منداڵ دایکی وه‌كوو زۆرترین هۆکاری ئەم خۆکوشتنانە ناسێنرابوو.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا له‌ مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ حەمید یەعقووبی، پسپۆڕی دەروونناسیی کلینیکی و مامۆستای یاریدەدەری دەروونناسی کلینیک لە زانکۆی شاهێد، لە کۆبوونەوەیەکی نافەرمیدا له‌گه‌ڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕایانگەیاند کە لە ساڵی ١٤٠٢دا نزیکەی حەوت هەزار کەس خۆیان کوشتووە، واتە ئەمساڵ له‌ هەر ١٠٠ هەزار کەس ٨ کەس خۆیان کوشتووە. ئەم ئامارە لە دوو ساڵی پێش ئێستادا ٧ کەس بووە لە ١٠٠ هەزار کەسدا.

 بە وتەی ناوبراو، ئه‌وانه‌ ئەو حاڵەتانەن کە پزیشکی دادوەری تۆماری کردووە و بە پشتبەستن بەو ئامارانە، بۆ هەر خۆکوشتنێک ٢٠ هێندەی هەوڵی خۆکوشتن هەبووە؛ واتە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ١٣٣ كه‌س هه‌وڵی خۆكوژی داوه‌.

هه‌روه‌ها لە ساڵی ١٤٠٠وه‌ خشتەکانی پێوه‌ندیدار بە تەمەن و ڕەگەزی خۆکوشتن لە ئێران لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی پزیشکی دداوەریی ڕێژیمی ئێران لابراون، بەڵام توێژەرانی چالاک لە بواری تەندروستی و خۆپاراستن لە خۆکوژی، جارجارە، كه‌ڵک له‌ ئاماری نافەرمی وەردەگرن.

هەرچەند ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی خۆکوشتنی منداڵان و خوێندکاران لە ئێراندا نییە، بەڵام لە ساڵی ۱۳۹۹ کۆمەڵەی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بڵاو کردەوە کە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆمەڵەیە، زیاتر لە ٢٥٠ منداڵ لە نێوان ساڵانه‌كانی ۹۰ تاکوو  ۹۹ خۆیان كوشتووه‌، ئەم کۆمەڵەیە ڕایگەیاندووه‌ کە ئەم ئامارە تەنها ژمارەی ئەو خۆکوشتنانەیە کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێن و ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە.

بەپێی وردەکاری ئەم توێژینەوەیە: ٤٨ له‌سه‌دی ئەو خۆکوشتنانەی كه‌ لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا لە میدیاکانەوە باسکراون، پەیوەندییان بە کوڕانەوە هەبووە و ٥٢ له‌سه‌دیشیان پەیوەندییان بە کچانه‌وه‌ هەبووە.

هه‌روه‌ها بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و خۆكوژیانه‌ ٤٠ ٪ له‌سه‌دی له‌ ڕێگه‌ی خۆهەڵواسین و ٣٨ ٪ بازدان لە بەرزییەوە، ١٢٪ خواردنی حەب و ١٠٪ شێوازە نەناسراوەکانی دیكه‌یان بۆ خۆکوشتن لەم ١٠ ساڵەدا بووه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌  ٤٥٪ ی خۆکوشتنەکان پەیوەندییان بە مەودای تەمەنی ٩ بۆ ١٤ ساڵەوە هەبووە و ٥٥٪ی دیکەش پەیوەندییان بە مەودای تەمەنی ١٥ بۆ ١٨ساڵەوە هەبووە.

هەروەها هۆکارەکانی ئەم خۆکوشتنانەش ٨٪ هەژاری، ٢٦٪ کێشەی پەروەردەیی، ٢٨٪ ململانێ لەگەڵ خێزان، ٥٪ پەیوەندی سۆزداری، ٨٪ دەستدرێژی سێکسی، ٥٪ کاریگەریی فیلم و گرتە ڤیدیۆییەکان و ٢٠٪ی خۆکوشتنەکان بەهۆی هاوسەرگیری زۆرەملێ بووە.

شارەکانی تاران، ئێسفەهان و هەمەدان زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتنیان هەبووە.