کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ لە سەدی قوتابییان لە ئێران گیرۆدە بە هەژاریی فێربوونن

11:07 - 5 سەرماوەز 2724

ئەو منداڵانەی کە زمانی دایکییان فارسی نییە و لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێراندا دەژین، زیاتر لە منداڵانی دیکە بە هەژاریی فێربوونەوە گیرۆدەن.

ڕزوان حەکیمزادە، جێگری پەروەردەی سەرەتایی وەزارەتی پەروەردە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم سەبارەت بە هەژاریی فێربوون لە ناوچە پەراوێزخراوەکان هۆشداریی دا.

حەکیمزادە بەم هەواڵدەرییەی سەر بە سپای پاسدارانی ڕاگەیاندووە، ٤٠٪ لە قوتابییان بەرەوڕووی هەژاریی فێربوون بوونەتەوە، بەو مانایە کە ئەگەرچی دەچنە قوتابخانە بەڵام ناتوانن بخوێننەوە و بنووسن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە منداڵانی ناوچە پەراوێزخراوەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە زمانی دایکییان فارسی نییە ڕایگەیاندووە‌، زۆربەی ئەم منداڵانە بەتەواوی فێری نووسین و خوێندنەوە نابن و ئەمە دەبێتە لاوازییان و لە ئاکامدا بەختیان بۆ سەرکەوتن لە خوێندەواری و دۆزینەوەی کاردا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

حەکیمزادە جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە ئەمە لەگەڵ بنەمای پەروەردەی دادپەروەرانە و دەرفەتی یەکسان خولقاندن بۆ هەمووان لە دژایەتیدایە.

جیا لەم ئامارە ٤٠ لەسەدییە کە حەکیمزادە سەبارەت بە هەژاریی فێربوونەوە ئاماژەی پێ کردووە، بەپێی داتا فەرمییەکان نزیک بە ٣٠ لەسەدی قوتابییان لە ئێران بەهۆی هەژاریی و کارکردن و هەروەها دیاردەی منداڵ هاوسەرییەوە دەست لە خوێندن هەڵدەگرن.