ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، گرووپێک لە ژنانی سنە بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە ئامادەبوون لە سەر مەزاری ژمارەیەک لەو ژنانەی کە بە دەستی حکوومەت و پێکهاتەی پیاوسالار کوژراون، وێڕای مەحکوومکردنی توندوتیژیی حکوومەتی و سیستماتیک دژی ژنان، پێداگرییان لەسەر درێژەدان بە خەبات و خۆڕاگریی ژنانی کورد لە هەر دۆخێکدا کردەوە.
ئەم گرووپە لە ژنان لە بەشێک لە بەیاننامەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە کە توندتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی ئاڵۆز و تێکئاڵاو لەگەڵ تانوپۆی نیزامی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییە و ژنان پەراوێزخراو و کەمینەیەکن کە لەژێر هەڵاواردن و ستەمی چەند قاتدان. ئەوان وێڕای ئاماژە بە یاسا دژەژنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی هەموو ژنانی ئێران، سەبارەت بە قووڵایی توندوتیژیی حکوومەتی لە پێوەندی لەگەڵ ژنانی کورد و تێکئاڵاوبوونی ئەمە لەگەڵ هەڵاواردنی نەتەوەی و فەرهەنگی قسەیان کرد.
ئەم ژنانە لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا پێداگرییان لەسەر خەبات و بەرخودانی ژنانی کورد لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و بەندیخانەکاندا کردەوە و دەڵێن لە میانەی سەرکوتی سیستماتیک و توندوتیژیی هەمەلایەنەدا، ژنانی کورد توانیویانە چەمکەکانی هۆکاربوون و خۆڕاگری پێناسە بکەن.
ئەوان جەختیان کردووەتەوە کە بە پشتبەستن بە ئاگایی بەکۆمەڵ، تۆڕەکانی هاوپێوەندی پێک دێن و لە بەرانبەر توندوتیژیدا ڕادەوەستن و درێژە بە ڕێکخستن و خەبات بۆ خولقاندنی ژیان و ئازادی دەدەن.
ئەم ژنانە لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا نووسیویانە: ئێمە نیشانمان داوە کە تەنانەت لەژێر سێبەری قورسی هەڵاواردن و توندوتیژیدا، دەکرێ گەشە بکەین، خۆڕاگری بکەین و شەڕ بۆ ئازادی بکەین.
ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە لە دڵی ئەم ڕەنج و ئازارانەوە دەکرێ جیهانێکی نوێ بونیات بنرێت، جیهانێک کە تێیدا ژنبوون بە مانای سەرکوتکران نییە بەڵکوو بە مانای خولقاندنی ژیان و ئازادییە.