کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایی خانەنشینکراوانی کرماشان لە بەردەم ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی

17:59 - 5 سەرماوەز 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی سەرماوەز خانەنشینکراوانی شاری کرماشان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە خراپیی بارودۆخی ژیان و بژێویان و جێبەجێنەکردنی یەکسانکردنی مووچەکانیان لە بەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەم شارە کۆ بوونەوە و داوای چارەسەرکردنی بەپەلەی ویست و داخوازییەکانیان کرد.

ناڕازییان بە دانی درووشمی وەکوو "باجی بێشومار، و نەبوونی ئیمکانات"، "کارەبا و گاز و بژێوی ژیان لە خەڵک دزراوە" و "مووچەتان یەکسان نەکرد، بوودجەکەیان خوارد" ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی ئابووری و خراپ بەڕێوەبردنی کاروبار لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە دەربڕی.

ئازادکردنی مامۆستایان و کرێکارانی زیندانیکراو، یەکێکی دیکه لە داواکارییەکانی خانەنشینکراوانی ناڕازی بوو.

لە شاری ئەهواز خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە بەردەم بینای ئەو ڕێکخراوە کۆبوونەوە و داوای مافەکانیان کرد.

هەروەها لە شاری شووش و ئێسفەهانیش خانەنشینکراوانی پیشەی ئاسن و کانزا بە هۆی خراپیی دۆخی ژیانیان و گرانی و کەمبوونی مووچەکانیان و یەکساننەکردنی مووچەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد.

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی چینەکانی کۆمەڵگای ئێران ڕۆژانە بەردەوامن و بۆ نموونە لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەردا، سەدان مامۆستای خانەنشینکراو لە بەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کرد و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان زیاتر لە حەفت هەزار مامۆستای خانەنشینکراو لەو کۆبوونەوەیدا بەشداریان کردبوو.

نموونەیەکی دیکەش لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، پەرستاران بە لانیکەمەوە لە سێ شاری تاران، شیراز و یاسووج کۆ بوونەوە، و بەرامبەر بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی.

سەرەڕای بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەکان تا ئێستا وڵامی داخوازیی چیینەکانی کۆمەڵگایان نەداوەتەوە.