هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی بۆ سەر ژنان و دەسپێکی کەمپەینی ١٦ ڕۆژە بەم بۆنەوە، دوو ئاژانسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسیان لە کوشتنی ڕۆژانەی ١٤٠ ژن لەلایەن هاوژین یان بنەماڵەکەیانەوە کردووە.
نووسینگەی ژنان و نووسینگەی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز و هاوکات لەگەڵ ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی لەگەڵ توندوتیژی بە دژی ژنان، لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا نوێترین داتاکان سەبارەت بە کوشتنی ژنان و کچان لەلایەن هاوژین و بنەماڵەکانیانەوە بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٨٥ هەزار ژن و کچ لە جیهاندا کوژراون کە ٦٠ لە سەدیان واتا ٥١ هەزار و ١٠٠ کەسیان لەلایەن هاوژینەکەیان یان ئەندامێکی بنەماڵەکەیانەوە کوژراون.
ئەم ڕێژەیە، لە چاو ساڵێک پێش خۆی واتا ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی کە ٤٨ هەزار و ٨٠٠ حاڵەت بووە، زیادی کردووە بەڵام زیادبوونی ئامارەکە بەهۆی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان لەم پێوەندییەدا بووە نەک زیاتربوونی حاڵەتی ژنکوژی بە دەستی کەسانی نزیکیانەوە.
بەپێی ئەم ئامارانە، نێونجیی ڕۆژانە ١٤٠ ژن و کچ بە دەستی هاوژینی خۆیان و کەسە نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن، واتا هەر دە خولەک ژنێک بەم شیوەیە لە جیهاندا دەکوژرێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە کە ژنان و کچان لە هەموو شوێنەکاندا لە ژێر کاریگەریی توندوتیژیی ڕەگەزیدان و بەپێی ئەم داتایانە ماڵەوە مەترسیدارترین شوێن بۆ ژنان و کچانە.
ئەفریقا بە تۆمارکردنی ٢١هەزار و ٧٠٠ حاڵەتی ژنکوژی لەلایەن کەسانی هاوژین یان کەسانی نزیکەوە زیاترین ڕێژەی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا تۆمار کردووە.
هەر لەم ساڵەدا ١٨ هەزار و ٥٠٠ ژن و کچ بە دەستی هاوژین و کەسانی نزیکیانەوە لە ئاسیا کوژراون.