کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی گرووپی جی حەوت لە فیووجی سەبارەت بە گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئوکراین

11:08 - 6 سەرماوەز 2724

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت ڕۆژی دووشەممە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ئیتالیا کۆ بوونەوە تاکوو گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی ئۆکراین بخەنە بەر باس.

بەپێی زانیارییەکان جگە لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی ڕووسیە و ئۆکراین، حوکمی حەفتەی ڕابردووی دادگای نێونەتەوەیی لاهە بە دژی بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیران و یوواو گاڵانت وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل، باسی لە سەر دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە "لەگەڵ هاوبەشەکانماندا ڕێگاکانی پشتیوانی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و لوبنان و هەروەها ڕێگاکان بۆ گەیشتنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسی، دەخەینە بەر باس و پێداچوونەوە".

لەم خولە لە کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت کە بە سەرۆکایەتیی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت، وەزیرانی دەرەوەی عەرەبستان، میسر، ئۆردۆن، ئێمارات و قەتەر و هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی عەرەب، بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان بەشیکی دیکە لە وتووێژەکان لە سەر قەیرانەکانی ئێستای وڵاتانی هایئیتی، سوودان و ڤێنۆزۆئێلا دەبێت.

گرووپی حەوت یان جی حەوت، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە کە لە وڵاتانی ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، ئاڵمان، ئیتالیا، فەرانسە و ژاپۆن لە سەر بەها هاوبەشەکانی فرەچەشنی، دێموکراسیی لیبێڕاڵ و حکوومەتی نوێنەرایەتی، پێک هاتووە.