سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "دیاکۆ عەزیزی" خەڵکی گوندی "باب خاڵاوێ"، "لوقمان زەنگی" و "سیامەند زەنگی" خەڵکی گوندی "کانی سۆرک" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە سەرجەم بە ٤٨ مانگ بەندکران سزا دران.
دادگا ئەم سێ هاووڵاتییەی بە "پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران" تۆمەتبار کردووە و سزای دیاریکراو بۆ هەر یەک لەم سێ هاووڵاتییە ١٦ مانگ بەندکرانە.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بەڕێوە چووە و سێ ڕۆژ دواتر سزای دەرکراو بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، دیاکۆ عەزیزی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەمان ڕۆژ، لوقمان زەنگی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.
سەرلەبەیانیی هەمان ڕۆژ، سیامەند زەنگی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێدا لێپرسینەوەی لێ کرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرابوو.