وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مەتیۆ میلێر ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی جۆ بایدێن لە دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سێ وڵاتی ئورووپایی کە لە بەرجامدا ماونەتەوە، تەنانەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بەشدار نییە.
مەتیۆ میلێر، لە وڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا واشنگتۆن لەو دانوستانەدا ئامادەیە و چ چاوەڕوانییەکی هەیە وتی: نەخێر ئێمە بەشداریی ئەو دانوستانانە ناکەین و سەبارەت بە جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکەکانی پاراستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و لێپرسینەوە لە ئێران بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو ئەرکانە لە نزیکەوە هاواهەنگیمان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە ئورووپاییانەدا هەیە .
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە ئێران دەبێ بەبێ دواکەوتنی زیاتر، هاوکاریی تەواوی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەبێ و هەر بۆیەش دەبێ بەردەوام لە هاواهەنگیی نزیک لەگەڵ حکوومەتەکانی فەرانسە، ئەڵمان و بریتانیادا بێت.
هەروەها لە وڵامی ئەو پرسیارەی ئایا چوونی تاران بۆ سەر مێزی دانوستان دەرئەنجامی ئەو بڕیارنامەیەیە کە ئەو سێ وڵاتە لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێشکەشیان کردووە، ئەم بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاستەوخۆی وڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە، بەڵام جارێکی دیکە باسی نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئەو سێ وڵاتەی سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی حکوومەتی ئێران کرد کە زیاتر لە دوو دەیەیە ئاشتییانەبوونی ئەو بەرنامەیە نەسەلمێنراوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: ئێمە نیگەرانین لە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی نوێ لەلایەن ئێرانەوە، کە لەبری هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، ڕێگای بەردەوامبوون لە پەرەسەندنی گرژییەکانی هەڵبژاردووە، واتە بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی ئۆرانیۆمی پیتێنراو تا ٦٠٪، هیچ پاساوێکی مەدەنی و ناسەربازی نییە.
مەتیۆ میلێر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێت بەبێ دواکەوتن هاوکاریی تەواوی لەگەڵ ئاژانسەکەدا هەبێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی پابەندبوونی یاسایی ئێران کە زیاتر لە پێنج ساڵە هەڵپەسێردراون و ئێمە لەگەڵ سێ هاوبەشە ئوروپاییەکانمان بەردەوام لە هاواهەنگیدا دەبین بۆ وڵامدانەوەی ئێران.
لە هەمان کاتدا هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری وەزارەتی دەرەوەی بریتانیاوە ڕایگەیاندووە، کە ئێمە پابەندین بە گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی دیپلۆماسی بۆ ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی ئێران و لەوانەشە کەڵک لە ڕێگەی مێکانیزمی ماشە وەربگرین ئەگەر پێویست بکات.
ئەم کۆبوونەوەیە کە باسمان کرد، بڕیارە ڕۆژی هەینیی داهاتوودا واتە حەفتەیەک دوای پەسەندکردنی بڕیارنامەی سێ وڵاتی ئورووپایی بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەز و دوو مانگ پێش کۆتاییهاتنی حکوومەتی جۆ بایدێن بەڕێوە بچێ.