سووریە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ ڕۆژاوای ئەم وڵاتە و سنووری لوبنان ڕاگەیاند؛ هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێگەی گواستنەوەی چەکۆچۆڵی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردووەتە ئامانج.
هەواڵدەریی دەوڵەتی سووریە (سانا) ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی قسەیر لە پارێزگای حومس دوو برینداری لێکەوتەوە و چەند پردێکی خاپوور کردووە.
لەلایەکی دیکەوە چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە، ژمارەی قوربانییانی ئەم هێرشەی بە دوو کوژراو و پێنج بریندار ڕاگەیاند و ئەوانی بە ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان ناو برد.
بەپێی ئەو ڕێکخراوە لە هێرشە ئاسمانییەکان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بە گشتی شەش پرد و دەروازەی سنووری جۆسیە کراونەتە ئامانج.
هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی چەند حەفتەی ڕابردووی بۆ سەر سووریە پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕێگایانەیان کردووتە ئامانج کە حیزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی چەکی ئێرانی بۆ نێو لوبنان بەکار دەهێنن.
بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم هێرشانە بەشێک لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ یەکەی ٤ هەزار و ٤٠٠ی حیزبوڵڵایە، کە لە گواستنەوەی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی لە ڕێگەی سووریە و عێراقەوە بۆ نێو لوبنان بەرپرسە.
ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ سنووردارکردنی نفووزی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا لە ناوچەکەدا، بەردەوام هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و بنکەکانیانی کردووەتە ئامانج.