ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ڕاپۆرتێکی شیکاری_ئاماریدا، ئاماری توندوتیژی و سەرکوت دژی ژنان لە کوردستانی ئێرانی لە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ هەتا ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ خستووەتە ڕوو.
ئەم ڕاپۆرتە لە سێ بواری؛ سەرکوتی حکوومەتی و دەسبەسەرکرانەکان، سیاسەتە داسەپاوەکانی حیجابی زۆرەملێ و حاڵەتەکانی ژنکوژی و خۆکوژیی ژنان باس لە دەیان حاڵەتی پێشێلکاریی مافی ژنان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەکات.
لەم ئامارەدا ئاوا باس لە ڕێژەی پیشێلکارییەکانی مافی ژنان کراوە:
دەسبەسەرکران ١٥ حاڵەت، سزادران بە لەسێدارەدران و بەندیخانە ١٢ حاڵەت، جێبەجێکرانی سزای قامچیی ڕۆیا حێشمەتی بە هۆی ڕەچاونەکردنی "حیجابی زۆرەملێ"،
جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی ژنانی بەندکراوی سیاسیی سزادراو ٢ حاڵەت، ڕێژەی بەندکراوانی سیاسیی ژنی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران ١٢ حاڵەت، بەندکراوانی سیاسیی کە خەریکی تێپەراندنی ماوەی سزاکەیانن ١٠ کەس، دەسبەسەرکراوانێک کە پاش دەسبەسەرکران هێشتا لە بەندیخانەدان ٢ کەس.
کوردپا لەم راپۆرتەدا پەرژاوەتە سەر پرسی خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان و رایگەیاندووە کە ئەمە لە کوردستان پرسێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و تێکئاڵاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەیە. چونکە لەلایەکەوە لە پەراوێزخستن و لە دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی دەرفەتی گەشە و پەرەسەندنی لە تاکەکان سەندووە و لەلایەکی دیکەوە حکوومەت وێڕای هەبوونی یاسا دژەژنەکان و پڕ لە هەڵاواردنەکان لە چوارچێوەی ڕوانینی ئەمنیەتی بە کوردستاندا هەوڵ دەدات کە خەساری کۆمەڵایەتی وەک شتێکی زاتی و دەروونی نیشان بدات و بڵێت کێشە لە فەرهەنگی کوردەکانە لەکاتێکدا کە فەرهەنگ پرسێکە کە گۆڕانی بەسەردا دێت و لە وڵاتانی ئاساییدا بوودجەیەکی زۆر بۆ گەشەپێدانی دیاری دەکرێ.
بە وتەی کوردپاا، پرسی گرینگی دیکە ئەوەیە کە خودی قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژی، کەسانێکی پاسیڤ نین، بەڵکوو ئێمە لە ساڵانی دواییدا بینەری خۆکوژیی ژنانێک بووین کە لە ئاکامی ناڕەزایەتی بە نەریتەکان و هەڵاواردنەکان گیانی خۆیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەم ئامارە، لەم ماوە زەمەنییەدا، بەگشتی ١٨ حاڵەتی ژنکوژی لە کوردستاندا ڕوویان داوە.
١١ حاڵەت بە دەستی هاوسەر، ٣ حاڵەت بەدەستی باوک، یەک حاڵەت بە دەستی هاوسەری پێشوو، یەک حاڵەت بە دەستی برا و یەک حاڵەت بەدەستی کوڕ ڕووی داوە. هەروەها لە درێژەی قەتڵە خێزانییەکاندا منداڵێکی ساوا و کچێکی ١٢ ساڵان کوژراون.
خۆکوژیی ژنانیش ٧٠ حاڵەت بووە کە ٢١ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە و ١٤ کەسیان قوتابی بوون.