وەزیری پێوەندییەکانی دەوڵەتی چواردەیەم باسی لەوە کردووە کە فیلتێرشکێنەکان بوونەتە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی و دانی بەوەدا ناوە کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران ناچار بە کەڵکوەرگرتن لە فیلتێرشکێن کراون.
سەتار هاشمی ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەز لە کۆبوونەوەی ساڵانەی بانکداریی نوێ و سیستمی تێڕژان، وتی: "بەپێی ئامارەکانی ئیسپا ٨٠.٥ لە سەدی مۆبایلەکان لە ئێران فیلتێرشکێنیان لە سەر دابەزێندراوە".
هاشمی زیادی کردووە کە فیلتێرشکێنەکان دەتوانن ببنە کێشەیەکی ئەمنی بۆ ژێرخانەکان و هەروەها لە کەسانی بەکارهێنەریان کەڵکاژۆ وەربگرن.
ناوبراو سەبارەت بە پێوەندیی فیلتێرشكینەکان و سیستمە بانکییەکان ڕایگەیاندووە کە پێوەندییەکی بەرچاو لە نێوان دامەزراندنی فیلتێرشکێنەکان لە سەر مۆبایلەکان و هێرشکردنە سەر ژێرخانە بانکییەکان بوونی هەیە.
هەموو ئەم ئیدعایانەی وەزیری پێوەندییەکانی دەوڵەتی پزشکییان لەکاتێکدایە کە یەکێک لە بەڵێنەکانی مەسعوود پزشکییان لە کاتی بانگەشەی بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا، لابردنی فیلتێرینگ بوو کە تاکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
فیلتێرینگ یان سانسۆری ئینتێرنێت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی خەڵک بەکار دەبرێت.
جگە لە ئامانجە سەرکوتکەرانەکەی ڕێژیم و کەڵکوەرگرتنی وەک ئامرازێک لە فیلتێرینگ، بە وتەی عەلی ڕەبیعی، یاریدەری کۆمەڵایەتیی مەسعوود پزشکییان: "ساڵانە یەک میلیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دابینکردنی فیلتێرشکێنەکان سەرف دەبێت"، کە لە بواری ئابووریشەوە خەساری بە خەڵک، بەتایبەتی بنەماڵە دەستکورتەکان گەیاندووە.