کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەیران مەنووچێهری: حیزبە کوردییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرەوپێشبردنی پرسی ژنان لە کۆمەڵگەدا هەبووە

19:35 - 6 سەرماوەز 2724

سەیران مەنووچێهری: حیزبە کوردییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرەوپێشبردنی پرسی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

 

ئاماژە: ٢٥ نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە کە هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی دنیا بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی ژن یادی ئەم ڕۆژە بە شکۆوە بەرز ڕادەگرن و دەیخەنە بەشێک لە بەرنامە و پڕۆگرامی کاری خۆیان. "کوردستان" بۆ باس و بابەتێکی تایبەت بە ٢٥ی نۆڤەمبەر و پرسی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ خاتوو سەیران مەنووچێهری، چالاکی بواری ژنان هێناوەتە بەر باس. 

خاتوو سەیران سەرەتا سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا، پێمخۆشە بەم پرسیارە باسەکەمان دەست پێ بکەم کە، مێژووی ڕۆژی ٢٥نۆڤەمبەر بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟ و هۆکاری دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان چییە؟

مێژووی دیاریکردنی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ یادکردنەوەی تێرۆرکردنی دڕندانەی خوشکەکانی "میرابال" لە کۆماری دۆمینیکان لە ساڵی ١٩٦٠، ٢۵ی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاریی توندوتیژی دژی ژنان دیاری کراوە. ئەم خوشکانە چالاکی سیاسی بوون دژی دیکتاتۆریی "ڕافایل تروخیلۆ" هەڵوێستی بوێرانە و ئازایانەیان نواندووە. کوشتنی ئەم دوو خوشکە بوو بە هێمای توندوتیژی و چەوساندنەوەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم ڕۆژە وەک بیرخستنەوەیەکی کاریگەر بۆ پرسی ژنان و بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە هاندەرێکە تاکوو ژنان و چالاکی فێمێنیستی زیاتر و شێلگیرانەتر لەسەر داخوازی و مافەکانی خۆیان پێداگرتر بن.

ئایا بەتەنیا بە دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێت بۆ ئەو بابەتە کیفایەت دەکا و چارەسەرە؟

بێگومان نەخێر، ئەم ڕۆژە جیا لەوەی وەبیرهێنەرەوەی کارەساتێکی مێژووییی جیهانی دژی ژنانە، تەنیا ڕۆژێکی سیمبولیکە و دەتوانێت تیشکی زیاتر بخاتە سەر پرسی پێشێلکاریی مافەکانی ژنان و پرسی ژن بەگشتی. دەبێت هەوڵ بۆ کۆمەڵگەیەکی دادپەرەوەر چڕتر بکرێتەوە و نابێت تەنیا لە یەک ڕۆژی ساڵدا قەتیس بکرێتەوە و هەروەها دەبێت ڕۆژانە کار لەسەر نەهێشتنی تاوانە جۆراوجۆرەکانی دژ بە ژنان بکەین وهەروەها ئەرکە و پێویستە کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەرەورانە و بەختەوەر و پێشکەوتوو بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ئامانجەکانمان بێت.

 بەشێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی پێیان وایە کە هەتا پێناسەکانی کۆمەڵگە بە نیسبەت ژنان گۆڕانی بەسەردا نییە، ئەوا توندوتیژیش دژ بە ژنان هەر بەردەوام دەبێت، ئەو پێناسەگەلە چین؟ و چۆن دەکرێ بگۆڕدرێن؟

لێرەدا گرنگە کە بزانین کۆمەڵگە و بەتایبەت دەسەڵاتدارانی حکوومەت ئەرکیان چییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان. من وەڵامی ئەم پرسیارەتان دابەش ئەکەم بەسەر دوو دەستەدا و بەکورتی ئەتوانین بێژین:

ئەلف ـ کۆمەڵگە:

_ دروستکردنی شوێنی سەلامەت: دروستکردنی شوێنی سەلامەت بۆ ژنان بەمەستی ڕاپۆرتدانی توندوتیژی و داوای یارمەتی.

_ پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی ژنان: پاڵپشتیکردنی ئەو ڕێکخراوانەی کار دەکەن بۆ کۆتایی‌هێنان بە توندوتیژی دژی ژنان.

_ داکۆکی لە گۆڕانکاری: پاڵپشتیی یاسا و سیاسەتەکان دەکات کە ژنان دەپارێزن و تاوانباران لێپرسینەوە دەکەن.

 _ بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی: بەرەوپێشبردنی یەکسانی ڕەگەزی لە هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگەدا

ب ـ حکوومەتەکان:

_ وەبەرهێنان لە بەرنامەکانی خۆپاراستن: وەبەرهێنان لەو بەرنامانەی کە ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان دەکەن.

_ جێبەجێکردنی یاساکان: جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزن.

_ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پاڵپشتی: پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتیوانی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی.

_کۆکردنەوەی زانیاری: کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر توندوتیژی دژی ژنان بۆ بەدواداچوونی پێشکەوتن و دیاریکردنی بوارەکان بۆ باشترکردن.

ئەبێت ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە ئێمە وەکوو ژنانی کوردستان و تاکی ژنی کوردستانی، ناتوانین لە چوارچێوەی حکوومەتێک کە نیشتمانمانی داگیر کردووە و ڕۆژانەش بەردەوام زوڵم لە خۆمان ئەکات، بە مافەكانمان بگەین؛ بۆیە ئێمە وەکوو ژنانی کوردستان دوو شۆڕشی گەورەمان لە بەردەم‌دایە و دەبێت هاوکات لەگەڵ یەک بڕواتە پێش کە یەکیان شۆڕشێکی هزریی کۆمەڵایەتی و کولتووریە و ئەوی تر شەڕ بۆ ڕزگاریی نیشتمان و سەربەخۆییی کوردستانی داگیرکەراومان و سەروەریی سیاسیی نەتەوەکەمانە.

 هەر پێوەندیدار بە پرسیاری پێشوو، ئایا شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وەکوو پێویست توانی ئەو گۆڕانکارییە بەسەر ئەو پێناسەگەلەدا بێنێ؟

تا ڕادەیەکی باش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەبووە و بەهۆی ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە بووە کە بە شۆڕشێکی بەتەواوەتی ژنانە و یەکەمین شۆڕشی فێمێنیستیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، ئەتوانین بێژین ئاراستەی کۆمەڵگەی کوردستانی گۆڕیوە و تەنانەت لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا کاریگەریی بەرچاوی هەبووە. بەڕاشکاوی و بەکورتی لە وەڵامی پرسیارەکەتاندا دەڵێم بەڵێ.

 ڕۆڵی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەرانبەر بە پرسی ژنان و داکۆکی لەسەر مافەکانی ژنان، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەگەر باس لە سەردەمی نوێ بکەین و ئاوڕێک لە ڕابردوو نەدەینەوە کە تەنانەت ژنی سەرکردەی شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستانی و هزرڤانی بەناوبانگ و تەنانەت دامەزرێنەری ڕێکخراوی فێمێنیستیی کوردستانیمان هەبووە، هەر لە سەرەتای دروستبوونی حیزب و ڕێکخراوی مۆدێڕنی سیاسی لە کوردستان کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بووە، تەنانەت لەو سەردەمشدا ئێمە حیزبی تایبەت بە ژنانمان هەبووە بۆ بەشداری لە پرس و کایە سیاسییەکان و لە هەمووی گرنگتر بۆ داکۆکی‌کردن لە مافەکانی خۆیان وەک ژنان؛ هەر لەو کاتەوە تاکوو ئێستا حیزبە کوردستانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دواکەوتوودا بە هەوڵ و هیمەتی خودی ژنانی ئازا و تێکۆشەر و لێهاتوو، ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەریان لەسەر بەرەوپێشبردنی پرسی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان هەبووە کە بەم هۆیەشەوە کۆمەڵگەی کوردستان بە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتنخواز و یەکسانیخواز ناسراوە. بەڵام ڕەنگە ئێستە لە بەرەوپێشبردنی ئەم ئەرکە گرنگەدا تۆزێک کەمکاری بە حیزبەکانمانەوە دیار بێت، هیوادارم هەوڵ بۆ لابردن و نەهێشتنی ئەم کەمکارییە بدەن.

 ئەرکی چالاکوانان و خەباتکارانی سیاسی لەم پێوەندییەدا دەبێت چی بێت و چۆن دەکرێت کاریگەریی ئەرێنییان لەو پێوەندییەدا هەبێت؟

چالاکان و خەباتکارانی سیاسی دەبێت زیاتر گرنگی بەم چەند خاڵەی خوارەوە بەدەن:

 بڵاوبوونەوەی هۆشیاری

_ هاندانی تاک، کۆمەڵگە، ڕێکخراو و حکوومەتەکان بۆ هەڵگرتنی هەنگاو بە مەبەستی ڕێگریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

داوای دادپەروەری

پشتگیریکردن لە یەکسانیی ڕەگەزی و دادپەرەوەریی کۆمەڵایەتی، بەتایبەت ژنان و چالاکی فێمێنیستی وەک پێشتر ئاماژەم پێ کردوون، دەبێت زیاتر و شێلگیرانەتر لەسەر داخوازی و مافەکانی خۆیان پێداگرتر بن.

خاتوو سەیران سپاس بۆ بەشداریتان لەم دیمانەیەدا و ماندووش نەبن

سپاس بۆ بەڕێزتان، ئێوەش ماندوو نەبن.