کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری هێزەکانی ڕێژیم بۆسەر کاسبکاران لە پیرانشار

21:47 - 6 سەرماوەز 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەوی دووشەممە ٥ی سەرماوەز ‌هێزەکانی سپای پاسداران، لە کوێستانی سەربەزێر و نزیک سێ چۆمان بۆسەیان داناوەتەوە و هێرشیان کردووەتە سەر کاسبکاران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزەکانی ڕێژیم لەو بۆسەیەدا بۆ سەر کاسبکاران دەست بەسەر ٢٠ ئەسپی بە بارەوە دەگرن و ڕایاندەگوازن.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە چەند ڕۆژ پێشتریش هێزەکانی ڕێژیم چەندین ئەسپیان لە ئاوایەکانی جەڵدیان، گردەسوور، ماشکان، زێوکە لەنێو ماڵاندا گرتووە و هوڵەکانیان پلۆمپ کردبوون ئەوانەی کە پلۆمپەکانیان شکاندبوو جەریمە و ئەزیەت کراون.

کۆڵبەران و کاسبکاران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە گشتی بەرەوڕووی هێرشی توندوتیژیی هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم دەبنەوە.

شایانی باسە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هێرش کراوەتە سەر کاسبکارانی شارە سنوورییەکان بەتایبەت پیرانشار و لە ئاکامدا خەڵکێکی زۆریان نانبڕاو کردووە.