کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بەمەبەستی هۆشداریدان بە ئێران، فڕۆکەی بی ٥٢ی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد

10:30 - 14 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژێک دوای ئەوەی پێنتاگۆن ناردنی فڕۆکەی بی ٥٢ی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هۆشدارییەک بە ئێران ڕاگەیاندبوو، ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاند کە چەند فڕۆکەی بی ٥٢ گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لە پەیامێکدا لە کاناڵی ئیکس گەیشتنی ئەم فڕۆکانەی لە بنکەی ئاسمانی'' ماینێت''ەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە سێنتکام چاوەدێری بەسەردا هەیە پشتڕاست کردەوە، بەڵام بە وردی باسی لە ژمارە و شوێنی ئەو فڕۆکانە نەکردووە.

پێنتاگۆن ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیارە ئەم بۆمبهاوێژانە لەگەڵ فڕۆکەی شەڕکەری دیکە و فڕۆکەی گەیاندنی سووتەمەنی و ناوگانی هێزی دەریایی بۆ بەهێزکردنی حزووری نیزامیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەوانەی ناوچەکە بکرێن.

لۆید ئاستین وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشداری دا ئەگەر کۆماری ئیسلامی، یان هێزەکانی سەر بەو ڕێژیمە، هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەمریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی گرژییەکان، ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە کە حەوتووی ڕابردوو چەندین شوێنی نیزامی لە ئێران کردبووە ئامانج.

ڕۆژی ڕابردووش عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایگەیاند، دوژمنان "وڵامی ددانشکێن" وەردەگرن.