کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەوەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان داوای ئازادکردنی خێرای نەرگس محەممەدیی کرد

10:48 - 7 سەرماوەز 2724

کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی فەرمیدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی نەرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ، ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە زیندانی ئێڤینی تاران کرد.

ئەم کۆمیتەیە لە پەیامەکەیدا، بە ئاماژەدان بە چالاکی و کاتی زیندانیکردن و ئازاری ئەم زیندانییە سیاسییە، باسی لەوە کردووە: "بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەستیان کەوتووە، بەرپرسانی زیندان چەندین جار نەرگس محەممەدیان لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان بێبەش کردووە و ئەم هەڵسوکەوتە بەشێکە لە نەخشێکی بەربڵاو و سیستماتیکی پشتگوێخستنی پێداویستییە پزیشکییەکانی زیندانییەکان، بەتایبەتی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران، کە دەبێت ڕابگیرێت."

هەروەها کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە نەرگس محەممەدی دەستبەجێ لە زیندان ئازاد بکرێت، هاوکات مۆڵەتی پزیشکیی خێرا و خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانیی پێویست وەربگرێت.

هەروەها مای ساتۆ، ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس سەرەڕای نیگەرانیی قووڵی سەبارەت بە بارودۆخی نەرگس محەممەدی و گەڕانەوەی بۆ زیندان تەنها دوو ڕۆژ دوای نەشتەرگەری نووسی: '' کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوەکان داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەوان چالاکانی مافی ژنان ئازاد بکات و دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی بۆ زیندانییەکان دابین بکات.''

نەرگس محەممەدی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دەسبەسەر و زیندانی کراوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە و ئێستا لە زیندانی ئێڤینی تاراندایە.

ناوبراو ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک بۆ دەرهێنانی تۆمۆری ئێسک لە قاچیدا، ڕۆژی ڕابردوو گەڕێنرایەوە بۆ زیندان، هاوکات ئەو پزیشکەی چارەسەری نەرگسی کردووە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەپێی جۆری نەشتەرگەرییەکە و شوێنی برینەکە سێ مانگ پێویستی بە پاراستن لە شوینی گونجاو هەیە.