وڵاتانی گرووپی حەوت ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز لە دووهەمین ڕۆژی کۆبوونەوەیان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیان مەحکووم کرد.
وەزیرانی دەرەوی ئەم حەوت وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا بۆ جارێکی دیکە هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی میلیشیاکانی وەک حەماس، حیزبوڵڵا، حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە سووریە و عێراقیان بە توندی مەحکووم کرد.
بەیاننامەکە سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی بەرەوپێشبردنی بەرنامە ناوکییەکانی نەدات و نابێت هیچ کاتێکیش دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.
دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە لەلایەن ٧ وڵاتی پێشکەوتوو و دێموکراتیکەوە لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو پاش پەسەندی بڕیارنامەی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، باسی لە زیادکردنی هەزاران سانتریفیووژی پیشکەوتووی دیکەی بۆ پیتاندن و پەرەدان بە بەرنامە ناوکییەکانی کردبوو.
وەزیرانی دەرەوی ئەم حەوت وڵاتە هێشتا لەسەر ئەو بڕوایەن کە باشترین ڕێگا بۆ چارەسەرکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران ڕیگای دیپلۆماسییە و لە بەیاننامەکەیاندا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەبێت بەپەلە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس دەست پێ بکاتەوە.
بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەمریکا، کانادا، بریتانیا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا و ژاپۆن بە مەحکوومکردنی هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ڕووسیە و بەکارهێنانی لە شەڕ بە دژی ئوکراین گرێ دراوەتەوە.
وەزیرانی وڵاتانی ناوبراو بە ئاماژەدان بە سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی بەم بۆنەوە زیادیان کردووە "ئێران دەبێت بە زووترین کات پشتیوانییەکانی لە شەڕی داگیرکەرانەی ڕووسیە بە دژی ئوکراین ڕابگرێت و چیتر مووشەک و دڕۆن و تێکنۆلۆژییەکانی پێوەندیدار هەناردە نەکات".
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت، ڕۆژی سێشەممە ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراین داوای لە گرووپی حەوت کردبوو کە لەهەمبەر داگیرکارییەکانی ڕووسیە بووەستنەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێداویستییەکانی ئۆکراین بە چەکوچۆڵ، خوزایاری گەمارۆی زیاتر لەلایەن ئەم وڵاتانەوە بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ بەرەی ڕووسیە، کۆرەی باکوور و ئێران بوو.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە پیشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەتی پێشێلکرانی مافی ژنان، کچان و کەمینەکان باس کراوە.
لەم بەشە لە بەیاننامەکەی گرووپی حەوتدا هاتووە: "داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەکەین کە کۆتایی بە دەسبەسەرکردنە نادادپەروەرانە و سەرەڕۆیانەکانی خۆیان بە دژی هاووڵاتییان بهێنن و هەروەها ڕێگە بدەن تاکوو ڕیپۆرتێرانی تایبەتی دیاریکراو لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، سەردانی ئێران بکەن".