کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە

12:09 - 7 سەرماوەز 2724

ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، سێمینارێک بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەڕێز شلێر مەحموودی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هات.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.

لە بڕگەی دواتردا، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەلایەن خاتوو تامان محەممەدی، ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەکەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لەم پەیامەدا وێڕای ئاماژە بە چۆنیەتیی ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە، باس لە جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان کرابوو.

لە بەشێک لەم پەیامەدا هاتبوو: ئەوەی جێگەی باس و بایەخە بۆ پرسەکانی ژنان لەم ساتەدا ئەوەیە، ژن دەبێت زۆر هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسەکاندا بکات، ئەو بەربەرستە دەستکردانە لاببات کە رێگرن بۆ چوونە پێش و بەچارەسەر گەیاندنی گرفتەکان. بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا دەرک بەوە بکەن توندوتیژییەکانی ڕووبەڕووی ژن و کچی کورد دەبێتەوە لەو خاڵانەوە سەرچاوەی گرتووە کە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانیان بە دەیان ساڵ بەجێیان هێشتووە بەڵام ئەوانیش بەدەر نەبوون لە قوربانیدان و دەبێت هەموو رەهەندە کۆمەڵایەتی و دینی و یاساییەکان هەماهەنگ بن بۆ نەهێشتن و رێگریکردنی دیاردەکانی توندوتیژی لەم کۆمەڵگەیەدا.

دواتر خاتوو شلێر مەحموودی، بابەتەکی خۆی لە چەند بەشی وەک: پێناسەی توندوتیژی، ڕوانگەی کەلتووری، ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان، پێگەی ئێران لە هاوکێشەکانی ژنان و هەروەها ئەرکی حیزب و یەکیەتیی ژنان لە پێوەندی لەگەڵ پرسەکانی ژناندا خستە بەر باس.

لە بڕگەی کۆتاییدا بەشداربووان، ڕا و تێبینی و سەرنجەکانی خۆیان خستە بەر باس و لەلایەن بەڕێز مەحموودییەوە وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.