هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بێوڵام نەهێشتنەوەی هێرشەکەی حەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە و ئەگەرەکانی وڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە بەر باس.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەرپرسانی ئاگاداری ئێرانی ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی خەریکی پلانداڕشتنە بۆ وڵامێکی پێچراوتر لە دوو هێرشی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل و لەم هێرشەدا لە چەکوچۆڵێکی بەهێزتر لە چاو ڕابردوو کەڵک وەردەگرێت.
ئەم ڕۆژنامە ئەمریکاییە لە درێژەدا هێناویەتی کە هێشتا بە ڕوونی دیار نییە کە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاست بێت و بیباتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا واڵ ستریت ژۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی میسرییەوە ڕایگەیاندووە کە تاران بە شێوەی تایبەتی هۆشداریی داوە کە هێرشەکەی ئەمجارەی بەهێز و پێچراو دەبێت.
بەرپرسانی میسری و عەمانی بەم ڕۆژنامەیان ڕاگەیاندووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئەم قسانەیان پاش هۆشدارییە تایبەتییەکانی ئەمریکا بۆ ئێران کردووە.
چەند بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبی باسیان لەوە کردووە کە تاران بە دیپلۆماتەکانی چەند وڵاتی عەرەبیی ڕاگەیاندووە لە هێرشی ئەمجارەدا نە تەنیا سپای پاسداران بەڵکوو ئەرتەشیش لە شەڕەکەدا تێوە دەگلێت چونکە لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا چوار ئەندامی ئەرتەش کوژراون.
هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئیسرائیل، پینتاگۆن باسی لە جێگیرکردنی کەرەستە و سیستمی دژە مووشەکی و هەروەها فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان بەتایبەتی بۆمب هاوێژی بی ٥٢ی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە تاکوو هۆشدارێکی جیددیتری بە تاران دابێتەوە.