کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کادرێکی دێرین و دڵسۆزێکی بەوەفای حیزبی دێموکرات

00:25 - 8 سەرماوەز 2724

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، کادرێکی دێرین و دڵسۆزی بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوی "قاسم قارەمانی" بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری وێستڕۆس کۆچی دوایی کرد.

کاک قاسم قارەمانی ساڵی ۱۳۲۷ هەتاوی لە گوندی  "گۆلی مەرزینگ" سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە.

ناوبراو خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان و قۆناغی ناوەندیی لە شاری بۆکان و دواناوەندیشی لە شاری تەورێز تەواو کردووە.

ماوەی چەند ساڵێک لە گوندەکانی کوردستاندا، گوندی بێژوێی ناوچەی ئالانی سەردەشت وەک نموونەی هەرە بەرچاو، وەک مامۆستایەکی تێکۆشەر و دڵسۆز سەرقاڵی پەروەردەکردنی نەوەکانی دواڕۆژی گەلەکەمان بووە.

 ⁠ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لیسانسی بیرکاری لە زانکۆی تەورێز وەرگرتووە.

هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ساڵی، ۱۳٥۷ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە کردووە و وەک ئەندام و پێشمەرگە دەستی بە تێکۆشانی خۆی کردووە. ⁠کادری سکرتاریا و پەیوەندییەکانی حیزب بووە. زۆر جار وەک وەرگێڕی زمانی ئینگلیسی لەگەڵ هەواڵنێرانی دەرەوە، کە سەردانی ڕێبەرایەتیی حیزب و هێزی پێشمەرگەیان دەکرد، کاری کردووە.

 کاک قاسم دوای ئازادبوونی باشووری کوردستان ئەرکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ئەستۆ بووە.

 ⁠لەساڵی ۱۳۷٦ـەوە لە وڵاتی سۆید نیشتەجێ بووە. ⁠لەوێش وەک ئەندام و دەورەیەک وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوید درێژەی بە چالاکیی خۆی داوە.

ناوبراو هە⁠تا دوایین ساتەکانی ژیانی ئەندامێکی بەوەفا و دڵسۆزی حیزب بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.