هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەزەوە، ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
ئەلعەرەبییە لە ڕاپۆرتەکەیدا و لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندووە کە بەپێی ڕێککەوتننامەی نێوان دوو وڵات، دەبێت حیزبوڵڵای لوبنان چەک بکرێت و هەورەها بنکە سەربازییەکان و کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانی ئەم گرووپە لە نێو بچێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێککەوتننامەکە زیاتر لە هەموو بابەتێکی دیکە جەختی لە سەر چەککردنی حیزبوڵڵا کردووەتەوە و تێیدا هاتووە کە تەنیا هێزە ئەمنیەتییەکان، ئەرتەش و هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتی لوبنان ڕێگەی چەکداربوونیان هەیە.
ئاگربەستەکە کە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و فەرانسە هاتووەتە ئاراوە، پێش بە حیزبوڵڵای لوبنان و هەموو گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە هەر چەشنە هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل دەگرێت.
ئەلعەرەبییە لە نێو ڕاپۆرتەکەیدا ١٣ بەندی ئەم ڕێککەوتنناەمەیەی هێناوە کە لە بەندێکیدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیسرائیل و لوبنان بڕیارنامەی ١٧٠١ی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دەناسن.
ئەم بڕیارنامەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیدا پەسەند کرا، داوا لە دەوڵەتی لوبنان دەکات تاکوو هێزە فەرمییەکانی لوبنان سنوورەکانی نێوان دوو وڵات کۆنتڕۆڵ بکەن و هەروەها میلیشیاکانی حیزبوڵڵا چەک بکرێن و لە باشووری لوبنان بەرەوە ڕووباری لیتانی دوور بخرێنەوە.
هەروەها لە بەندێکی دیکەی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا هاتووە کە کۆمیتەیەک بە هاودەنگیی ئیسرائیل و لوبنان پێک دێت تاکوو چاوەدێری بە سەر جێبەجێبوونی بەڵێنەکانی نێو ڕێککەوتننامەکەدا بکات.
لە بەندەکانی کۆتاییشدا هاتووە کە ئیسرائیل لە ماوەی ٦٠ ڕۆژ پاش دەسپێکی ئاگربەستەکە بەرەبەرە پاشەکشێ دەکات.
تاکوو ئێستا حیزبوڵڵای لوبنان بەشێوەی فەرمی سەبارەت بە ئاگربەستەکە هیچ ڕاگەیەندراوێکی دەرنەکردووە بەڵام حەسەن فەزڵوڵڵا یەکێک لە بەرپرسانی باڵای ئەم گرووپەی سەر بە تاران لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە هەزاران کەسی دیکە بە وتەی خۆی "پەیوەستی مقاومەت" دەبن و زیادیشی کردووە کە چەککردنی حیزبوڵڵا پێشنیاری ئیسرائیل بووە کە بە ئاکام نەگەیشت.
فەزڵوڵڵا لە درێژەی قسەکانیدا دوورەپەرێزیی حیزبوڵڵای لە شەرێکی گەورەتر پشتڕاست کردەوە.