کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارلەمانی ئورووپا هەوڵی مەحکوومکردنی سەرکوتی سیستماتیکی ژنان لە ئێران دەدات

10:58 - 8 سەرماوەز 2724

پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی داڕشتووە کە تیایدا داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکرێت کۆتایی بە هەڵاواردنی سیستماتیکی دژی ژنان و کچان یەک لەوان حیجابی ئیجباری بێنێت و یاسای "بەرەوپێشبردنی کولتووری عیفاف و حیجاب" و یاساکانی دیکەی جیاکاریی ڕەزگەی هەڵبوەشێنێتەوە.

دەقی بڕیارنامەکەی پارلەمانی ئورووپا لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە کە محەممەد باقر قالیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە لە ٢٣ی سەرماوەزدا یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" ڕادەگەیەنێت.

لەم بڕیارنامەیەدا باس لە ڕێوشوێنە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی ژنان و کچانی ئێران و زیندانیکردنی زۆرێک لە ژنان و کچان و ناڕازییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کراوە.

هەروەها ئەندامانی پارلەمانی ئورووپا ڕاگەیاندنی دامەزراندنی "کلینیکی دەرمانی" بۆ ئەو ژنانەی کە ڕێسا توندەکانی حیجاب لەبەر چاو ناگرن بە نیشانەیەکی دیکەی زیادبوونی سەرکوتی سیستماتیکی ژنان و کچان لە ئێران زانیوە.

پارلەمانی ئورووپا لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەیدا بارودۆخی خراپی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەوانە بەکارهێنانی ناڕێژەیی هێز لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و گرتن و ئەشکەنجەدانی ژنانی بە توندی مەحکووم کردووە.

هەروەها پارلەمانی ئورووپا زیادبوونی بەکارهێنانی دەرمانە دەروونییەکانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و بێ مرۆڤکردنی ژنان بە توندی شەرمەزار کردووە.

هەروەها لەم ڕەشنووسەدا، داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەستپێڕاگەیشتنێکی بێ سنوور بە هەیئەتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاپۆرتنێری تایبەتی ئێران بدات.

هەروەها نووسەرانی ئەم ڕەشنووسە، بۆ جارێکی دیکە داواکاریی خۆیان بۆ شورای ئورووپا بۆ ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دووپات کردووەتەوە و خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم شۆرایە گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بەرپرسن، درێژ بکاتەوە.