محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە لە ٢٣ی سەرماوەزدا، یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" ڕادەگەیەنێت.
قاڵیباف ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی سەرماوەز، لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە حیجاب یاسای هەبووە و ئێستاش هەیەتی وتی: "ئەم یاسایە کە ڕادەگەیەنرێت پڕۆژەیاسایەکە، دەزگای دادوەری ئامادەی کردووە و ڕادەستی دەوڵەتی د و دەوڵەتیش ڕادەستی مەجلیسی کردووە.''
دوای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا کە شەپۆلی نافەرمانی ژنان لە دژی سیاسەتی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بە شێوەی جۆراوجۆر سەرکوت بکات کە یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" بە یەکێک لەو هەوڵە سەرکوتکارییانەی ڕێژیم دێتە ئەژمار.
ئەم گەڵاڵەیە لە ڕەوتێکی نادڵخواز و بە کەڵکوەرگرتن لە ئەسڵی ٨٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم و بە کەڵکوەرگرتن لە "دۆخی هەرە پێویست" بەبێ گەنگەشە و دەنگدان لە مەجلیسدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی کۆتایی، ڕەوانەی شۆرای نیگەهبان کراوە و هەر لەم ڕێگەیەوە پەسەند کرا.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ئەو ژنانەی کە لە حیجابی زۆرەملێی دڵخوازی ڕێژیم لابدەن لەگەڵ سزای نەختی و سزای دیکە بەرەوڕوو دەبنەوە.
کۆماری ئیسلامی هەروەها لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەوە جێبەجێکردنی گەڵاڵەی چڕترکردنی هەڵسوکەوت لە دژی دژبەرانی حیجابی زۆرەملێ ناسراو بە "گەڵاڵەی نوور"ی خستە بەرنامەی کارەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا پارلەمانی ئورووپا بڕیارنامەیەکی داڕشتووە کە تیایدا داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکرێت کۆتایی بە هەڵاواردنی سیستماتیکی ژنان و کچان یەک لەوان حیجابی ئیجباری بێنێت و یاسای "بەرەوپێشبردنی عیفاف و حیجاب" و یاساکانی دیکەی جیاکاریی ڕەزگەی هەڵبوەشێنێتەوە.