لە دوای تەقینەوەی کانزای تەبەس و گیانلەدەستدانی ٥٣ کرێکار و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە کرێکارانی ئەو کانزایە، لە کۆی ٢٠٠٠ کرێکار، ٧٠٠ کەسیان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کرێکارانی کانزای تەبەس بە ئاماژەدان بەوەی کە بەڵێنی زیادکردنی سێ میلیۆن تمەن لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە جێبەجێ نەکراوە و هەروەها ئەو کرێکارانەش لە ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەزبەرەوە نەهاتوونەتە سەر کار، سزا دراون و بەو هۆیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە.
دەستلەکارکێشانەوەی ئەو کرێکارانە لە کاتێکدایە کە پێشتر محەممەد موجتەهدزادە، بەڕێوەبەری کانزای تەبەس، لە دوای تەقینەوەی ئەو کانزایە، بەڵێنی بە کرێکاران دابوو کە بێجگە لە دابینکردنی کەرەستەی ئەمنییەتی، مووچەی کرێکاران هەتا سێ میلیۆن زۆرتر بکات.
جێگای باسە قسەکانی موجتەهدزادە لەلایەن کرێکارانی کانزای تەبەسەوە بە درۆ خراوەتەوەوە و ڕایانگەیاندووە، بەرپرسانی ڕێژیم نەک هەر بەڵێنییەکانی خۆیان نەبردووەتە سەر بەڵکوو بیمەی ئەو کەسانەشیان کەم کردووەتەوە کە حەفتەیەک مورەخەسیان وەرگرتووە.
ڕۆژی شەممە، واتە ٣١ی خەرمانان تەقینەوەیەک بەهۆی دزەی گازی مێتان لە یەکێک لە توونێلەکانی کانزای خەڵووزەبەردینەی تەبەس ڕووی دا کە ٥٣ کرێکاری کانزاکە کوژران و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون و ئەو تەقینەوەیە کارەساتبارترین ڕووداوی کانزایی ئێران بووە.