ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، وێڕای شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان، پشتیوانیی خۆیان بۆ "پەخشان عەزیزی و "وریشە مورادی"، دوو زیندانیی سیاسیی کورد، دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییانەی کوردستان و ئێراندا هاتووە کە دوای دەستپێکی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بە ئامانجی دروستکردنی ترس و تۆقین لە ناو خەڵکدا دەست پێ کردووە و ئەمجارە چەوساندنەوەی ژنان و گەلی کورد، وەک دوو باسکی گرینگ و بەهێزی خەبات، لەلایەن ناوەندەکانی ئەو سیستەمە سەرکوتکەرەوە کراونەتە ئامانج.
لەم بڕگەیەدا، ژنانێکی ئازای وەک وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە تۆمەتی نادادپەروەرانە و وەپاڵدراو سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هۆشداری دراوە کە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی وەک دوو ژنی کورد کە نوێنەرایەتیی ساڵانێک خەباتی دژ بە ستەم و چەوساندنەوەی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی دەکەن، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئەو ڕێکخراوانە هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە قوربانیکردنی خەباتکارانی ئێران و کوردستان قەیرانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتی خۆی داپۆشێ.
واژۆکارانی ئەم ڕاگەیەندراوە ئەوەشیان زیاد کرد کە پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی وەک زۆرێک لە زیندانییە سیاسییەکانی دیکە، لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون، هەروەها بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کەوتوونەتە ژێر گوشاری توند و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە.
ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییانە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و سەرجەم زیندانییانی سیاسی بوون و ڕایانگەیاندووە کە بە ئیرادە و ئازایەتیی ئەو ژنانە لاپەڕەیەکی نوێی لە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی هەڵدراوەتەوە و ئەم لەسێدارەدانانە بێ گومان لێکەوتەی قورسیان بۆ ڕێژێمی تاران دەبێ.