بەپێی هەواڵ و ڤیدیۆی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دۆخی نالەباری ڕێگاوبان و شەقامەکانی شیناوێی پیرانشار بەتایبەتی لەکاتی باریندا بووەتە هۆی کێشەی هاتووچۆی هاووڵاتییان و هیچ گرینگییەکی لەلایەن شارەوانی و لایەنە پێوەندیدارەکانەوە پێ نادرێت.
بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە گەیشتووە بەم ناوەندە، بەهۆی نەبوونی ڕێڕەوەی پێویست بۆ ڕۆیشتنی ئاوی باران و هەروەها کۆنەکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکان، شەقام و کۆڵانەکانی شیناوێ هاوکات لەگەڵ بارینی باراندا کەوتووەتە دۆخێکی نالەبارەوە و خەڵکی بۆ هاتوچۆی ئاسایی تووشی کێشە کردووە.
جیا لە کۆنەکردنەوەی دروست و ڕێکوپێکی پاشماوەکان، دۆخی خراپی ئاسفاڵتی شەقامەکان و هەروەها ڕێڕەوەکان لەم وەرزەدا بە کۆبوونەوەی ئاوی بەفر و باران لە نێویاندا بووتە قەیرانێکی جییدی بۆ سەر خەڵکی ئەم ناوچەیە.
دۆخی خراپی ڕێگاوبان شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کوردستان بابەتێکی نوێ نییە و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەند هەواڵ و گرتە ڤیدیۆی دیکە لەم پێوەندییەدا بە دەستی ئەم ناوەندە گەیشتووە کە تێیدا باس لە دۆخی نالەباری شەقام و کۆڵانەکان بەتایبەتی لە وەرزی سارد و سەرما و تەڕوتووشیدا کراوە.
شارەوانی و لایەنە پێوەندیدارەکان بە ڕێگاوبانەوە ساڵانێکە لە کەمتەرخەمییەکی تەواودا بەم بابەتە بە سەر دەبەن و نایانهەوێت چارەسەری کێشەکانی خەڵک لە بواری هاتووچۆدا بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم لە ڕێگەی شارەوانییەکانیەوە ساڵانە باجێکی زۆر لە هاووڵاتییان بەمەبەستی بوودجە بۆ نوێکردنەوە و چارەسەری کێشەی ڕێگاوبانەکان وەردەگرێت بەڵام هیچ کات ئەم پارەیە بۆ ئەم مەبەستە خەرج ناکرێت.