دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەرکردنی "یەزدان قەنبەری"، هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، سەرەڕای ئەوەی کە ٤٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی یەزدان قەنبەری تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە تێدەپەڕێت، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە .
ئەم هاووڵاتییە، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هەبوونی بەڵگەی دادوەری دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
به پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ئەم هاووڵاتییه کوردە لەو ماوەیەدا، له مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
هەروەها بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی یەزدان قەنبەری بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان تا ئێستا بێ ئەنجام بووە و دامەزراوە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە دانی هەر چەشنە زانیاری لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان بە بنەماڵەی خۆیان دەپارێزن.
جێگای ئاماژەیە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.