کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی شاندێکی هاک پار لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

18:39 - 8 سەرماوەز 2724

کۆبوونەوەی شاندێکی هاک پار لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

لە کۆبوونەوەی شاندێکی ڕێبەریی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک پار) لەگەڵ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دوا گۆڕانکارییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کران.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی سەرماوەز شاندێکی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک پار) بە سەرپەرستیی دوزگین کاپلان، سەرۆکی ئەم حیزبە سەردانی بنکەی سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و لەلایەن شاندێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێ‌کرا.

لەم دیدارەدا دوو لایەن وێڕای تاوتوێی دوا گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەسەر دۆخ و چارەسەریی پرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

لە باسەکانی ئەم دیدارەدا شاندی میوان وێڕای باس لە چەندی‌وچۆنیی بەرەوپێشچوونەکانی پرسی کورد لە تورکیا و ستراتیژیی حیزبەکانی دەسەڵات، بەتایبەت دەستپێشخەرییەکانی ئەم‌دواییانە بۆ چارەسەری پرسی ئاشتی لەم وڵاتە تیشکی خستەسەر ئەوە کە پرسی کورد لە تورکیا پرسێکی سیاسی و ناسنامەییە. هەروەها ئەم پرسە بە چەکدانانی حیزبێکی کوردی یان دروشم و بانگەشەی سیاسیی دەسەڵات چارەسەر نابێ، بەڵکوو چارەسەری سەرەکی داننانی فەرمی بە بوونی پرسی کوردە و بە گرتنەبەری ڕێکاری بەکردەوە بۆ دەستەبەری مافە سیاسی، نەتەوەیی و کولتورییەکانی کورد و جێگیرکردنی دێموکراسیی ڕاستەقینە لەم وڵاتە بەدی دێت.

لەم دیدارەدا کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتیش باسی دوا گۆڕانکارییەکانی ئێرانی بەتایبەت لەژێر کاریگەریی شەڕی ئیسڕائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا کرد. بەڕێزیان تیشکی خستەسەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێداگریی لەسەر سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ، شەڕهەڵایسێنی و پەرەدان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی بووەتە فاکتەرێکی گرینگ لە نائەمنی و ناسەقامگیری لە ناوچە و جیهاندا. هەروەها بە سەرکوتی مافی نەتەوە بندەستەکان، کەمایەتییە ئایینییەکان، ژنان و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی وڵات درز و کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی بە ئەوپەڕی خۆی گەیاندووە. بۆیە لە کاتێکدا لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڕدایە، لە نێوخۆی وڵاتیش ناڕەزایەتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لەدژی دەسەڵات بەردەوام پەرە دەستێنن.

ئەندامانی شاندی میوان و خانەخوێ لە درێژەی باسەکانت ئەم دیدارەدا سەبارەت بە شێوازەکانی هاوبەشکردنی ئەزموونەکانی خەباتی سیاسی لەگەڵ یەکتری و بەهێزکردنی پێوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی پێوەندییە گشتییەکان