کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە

11:20 - 14 خەزەڵوەر 2724

حوسێن سەلامی فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی ١٣ی خەزەڵوەر ساڵیادی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٥٨ بڵاوی کردەوە، هۆشداری دایە ئیسرائیل و ئەمریکا، کە وڵامێکی ددانشکێن لە بەرەی موقاومەت و ئێران وەردەگرن.

ناوبراو ڕایگەیاند کە: "موقاومەتی ئیسلامی ناوچەکە وڵامێکی ددانشکێن دەداتەوە بە بەرەی خراپەکاری و بەم شێوەیەش بەرەی موقاومەت و ئێرانی ئیسلامی خۆیان بە هەموو شتێکی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا تەیار دەکەن."

سەلامی هەروەها لە قسەکانیدا لە تاران وتی: دواجار ئەمریکا و ئیسرائیل شکست دەخۆن، و هۆشداری دەدەین کە ئەگەر ئەمریکییەکان ڕەفتارەکانیان نەگۆڕن، ئەوە بەرەو لەناوچوون هەنگاو دەنێن، و حیزبوڵڵای لوبنانیش تەنیا بە شکەستی ئەوان ڕازی نییە، بەڵکوو ئەو دەیەوێت ئیسرائیل و شوێنکەوتە نێودەوڵەتییەکانی لە باشووری لوبنان و فەلەستیندا بنێژێت.

هەروەها عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە وڵامی پرسیارێکدا لە زانکۆی سەنعەتی شەریف، جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بە دڵنیاییەوە بۆ وڵامدانەوەی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت؛ بەڵام باسی لە وردەکاری ئەو وڵامدانەوەیەی نەکرد.

لە لایەکی دیکەوە مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران هەروەها لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران "پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکی خۆی" بێوەڵام ناهێڵێتەوە.

کاتدا پزیشکیان دوای هەڕەشەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سەرکردەکانی ئیسرائیل بە هەڵسوکەوتەکانیاندا بچنەوە و ئاگربەستەکە قبوڵ بکەن و واز لە کوشتنی خەڵکی ستەملێکراو و بێتاوانی ناوچەکە بهێنن، ڕەنگە کاریگەری لەسەر جۆر و چڕیی وڵامدانەوەی ئێمە هەبێت.