کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بە لەسێدارەدران سزا درا

10:39 - 10 سەرماوەز 2724

مێحراب عەبدوڵڵازادە، لاوی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە لەسێدارەدران سزا دراوە.

ناوبراو لە دۆسییەیەکدا تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەکی دراوە پاڵ کە لە کۆتاییدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدرانی بۆ دەرچووە.

ئەم سزایە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٣، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بە هۆی هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بێدەنگیان ڕاگرتووە.

مێحراب عەبدوڵڵازادە ڕەزبەری ١٤٠١، لە درێژەی بزووتنەوەی ژینادا لە شارەکی "وەلیعەسر"ی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.