هەواڵدەریی بلۆمبێرگ ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز، لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، عەرەبستان بەنیازە پێش ئەوەی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا دەست بە کار بکات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران فراوانتر بکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی عەرەبستان، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا پێشنیاری بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە هاوکارییە بازرگانییەکان زیاد بکەن، گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا و پشتیوانی لە گرووپە میلیشیاکان کەم بکەنەوە.
تا ئێستا ڕوون نییە ڕیاز پێشنیاری چی بۆ تاران کردووە، بەڵام کەسانی ئاگادار دەڵێن کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو وڵات لە سەرەتادا دەتوانێت لەسەر بەرهەمەکانی کەرتی خۆراک و پزیشکی بێت کە گەمارۆکانی ئورووپا و ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی پێشێل ناکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، بەرپرسانی عەرەبستان وێڕای هەوڵدان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بەنیازن هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا پەرە پێبدەن، چونکە پێیانوایە سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ و ئاسۆی نوێکردنەوەی سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی واشنگتۆن هەوڵ بدات زۆرترین گوشار بخاتە سەر تاران و گەمارۆی نوێی بەسەردا بسەپێنێت.
پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان لەدوای هێرشی گرووپێک لە لایەنگرانی توندئاژۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران دوای حەوت ساڵ تاریک بوو کە لە مانگی مارسی ٢٠٢٣ بە کاریگەریی چین باشتر بووە.