کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: ٢٥٠٠ ئەندامی حیزبوڵڵا لە ئۆپەراسیۆنی زەمینیی ئەرتەشدا کوژران

10:53 - 10 سەرماوەز 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز و سێ ڕۆژ پاش ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، ئامارەکانی شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵای لە ماوەی ڕابردوودا بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ئامارە، ئەرتەشی ئیسرائیل بە کەڵکوەرگرتن لە ١٤ هێزی زەمینی زیاتر لە ١٠٠ ئۆپەراسیۆنی لە نێو خاکی لوبناندا بەڕێوە بردووە کە لە ئاکامی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا لانیکەم ٢ هەزار و ٥٠٠ ئەندامی حیزبوڵڵا کوژراون.

لەم ئامارانەدا هاتووە کە لە ئاکامی هێرشەکانی هێزی زەمینیی ئیسرائیل، ١٥٠ کۆگای چەکوچۆڵ، زیاتر لە ١٦٠ بنکەی سەربازی و هەروەها زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ژێرخانی پێوەندیدار بە هێزەکانی "ڕزوانی حیزبوڵڵا" لەنێو چوونە.

لە وردەکارییەکانی ئامارەکەدا هاتووە، "کوژراوانی حیزبوڵڵا لەم هێرشانەدا ٤ کەس لە ئاستی فەرماندەی باڵادا، ٢٤ کەس فەرماندەی هێز و هەروەها ١١٢ کەس فەرماندەی پلەخوارتری ئەم گرووپە بوون".

بەپێی زانیارییەکان هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل پاش نزیک بە دوو مانگ هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان توانیویانە تا ڕادەیەکی زۆر توانا مووشەکییەکانی ئەم گرووپەی سەر بە تاران لاواز بکەن و لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل دووریان بخەنەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لەم ماوەیەدا نزیک بە ١٢ هەزار بۆمب و دڕۆن، زیاتر لە ١٣ هەزار هاوێژەری مووشەکی دژە تانک، مووشەکی دژە ئاسمانی و ڕاکێت و هەروەها زیاتر لە ١٢ هەزار ئامێری پێوەندیگرتن و کەرەستەی ئێلێکترۆنیکیی گرووپی حیزبوڵڵای وەک دەسکەوتی شەڕ، زەوت کردووە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە لەلایەن "ئەلعەرەبییە"ـەوە، هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی ٦٠ ڕۆژ پاش ڕێککەوتنەکە، پاشەکشێ دەکەن.