ڕۆژی چوارشەممە ٧ی سەرماوەز، کاک ئەحەد ئەمینی کوڕی ڕەحیم، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا و بە هۆی شێرپەنجەی گەروو لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، کچی دوایی کرد.
ناوبراو لە گوندی ئازاد سەر بە ناوچەی مەحاڵ لەدایک بووە و ساڵی ٦٠ بووەتە پێشمەرگە و لە لکی ٢ی هێزی پێشەوا سازمان دراوە.
کاک عەبدولئەحەد پێشمەرگەیەکی نەتەوەپەروەر، حیزبییەڪی بەرچاوڕوون و مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ بوو.
ناوبراو لە چەند شەڕی گەورە وەک شەڕی قەباکەندی و شەڕی شاروێران و نێوشار بەشدار بووە .
دوای چەند ساڵ پێشمەرگایەتی ناوبراو بە هەندێک هۆکاری تایبەت واز لە پێشمەرگایەتی دێنێ و هەر لە زێدەکەی خۆی واتە گوندی ئازاد دەگیرسێتەوە و خەریکی ئیش و کاری مەزرا و وەرزێڕی دەبێ بەڵام تا کۆتایی ژیانی هەر وەفادار بە حیزب و مافە ڕەواکانی میللەتەکەی دەمێنێتەوە.
تەرمی ناوبراو لە گوندی ئازاد و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.