کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵاتێک بۆ سوورخەڵاتان

11:59 - 10 سەرماوەز 2724

خەڵاتێک بۆ سوورخەڵاتان

عەلی بداغی

بوێری لە مەیدان و ئازایەتی لە بڕیار وەک یەکێک لە خسڵەتەکانی بزووتنەوەی ژینا لەو کاتەوە دەرکەوت کە بنەماڵەی ژینای جوانەمەرگ و بەناحەق کوژراو نەچوونە ژێر باری گوشار و تەنانەت هەڕەشەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و، ئامادە نەبوون بە دزی و دوور لە چاوی خەڵک تەرمی ژینای کوردان بینێژن. ئەم ئازایەتی و بوێرییە دواتر لەوەدا بەرجەستە بوو کە کچان و کوڕان و پیر و لاوی سەقز خاوەندارەتییان لە ڕۆڵە شەهیدەکەی شارەکەیان و نەتەوەکەیان کرد. بەڵام ئەمەش کۆتایی چیرۆکەکە نەبوو، شار و شەقامەکانی کوردستان خرۆشان و بە ئازایەتی کوڕان و کچانی بوێر ڕەنگڕێژ کرا و حەماسەیەک خوڵقا وێنەی نەبوو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە کوردستانی بە دەروازەی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری دەبینی و زراوی لە پەلهاویشتنی شۆڕشەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران چووبوو، بێبەزەییانە کەوتە سەرکوتی خۆپێشاندەرانی کورد. بەمجۆرە بوو کە بە زەبری چەک و تەنانەت دەکارکردنی دۆشکا لەدژی مێرمنداڵانی ڕاپەڕیو، شەهیدکردنی زیاتر لە ١٤٠ کەس و گرتنی هەزاران کەس لە خۆپێشاندەران شەقامەکانیان بێدەنگ کرد، بەڵام نەیانتوانی چۆک بە لاوانی ئازا و بوێری کورد دابدەن. فیداکاریی سەدان ڕۆڵەی بەوەجی کورد لەسەر شەقام و لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بەڵگەن بۆ ئازایەتی و گیانبازیی سوورخەڵاتانی نیشتمان لەپێناو سەروەریی سیاسی و مافی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ژنان ڕچەشکێن و پێشەنگ بوون، کەم نەبوون ژمارەی ژنە تێکۆشەرانەی لە ڕیزەکانی ڕاپەڕیندا شەهید بوون، یان لە گرتنگەکانی ڕێژیمدا خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا حەق وایە بڵێین ئەو بزووتنەوەیە سەرهەڵدانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو که هەر کام به چەشنێک ئاوات و ئارەزوو و داخوازی و مافەکانیان له سایەی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا پێخوست کرابوو؛ سەرهەڵدانێک کە وەستانی بۆ نییە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە ئامانجەکانی نیزیک دەبێتەوە.

بزووتنەوەی ژینا خەباتی سیاسیی کوردی هەنگاوێکی دی بەرەوپێش برد، بەڵام خوێنبایی ئەو قەڵەمبازە هەروەک ئاماژەی پێ درا مایەدانانی سەدان لاوی سەوداسەری ئازادی لە گیان و ژیانیان بوو کە پێویستە ڕێزیان لێ بگرین. بێگومان زیندووهێشتنەوەی یاد و بیرەوەرییان و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان هەتا بەدیهێنانی ئاوات و  ئامانجەکانیان کەمترین کار و بەرپرسایەتییە کە هەمووان دەبێ شانی وەبەربدەین. بەرنامەی تەلەڤزیۆنیی "سوورخەڵاتان" کە ئامادەکارەکەی خاتوو سۆما ناسری، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، هەوڵێکە لەو پێناوەدا؛ بەتایبەت کە دواتر چیرۆکی جوامێریی ئەم سوورخەڵاتانە لە کتێبێکی سێ بەرگیدا هەر بەو ناوە چاپ و بڵاو بووەتەوە. ئەم ئەرک‌وەخۆگری و ماندووبوونەی خاتوو سۆما بەم کارە بەنرخە کە وەک خەڵاتێک بۆ سوورخەڵاتانی نیشتمان وایە و بە نەمری هێشتنەوەی یاد و بیرەوەریی ئەم شەهیدانە بۆ گرینگە؟ ئەم نووسینە بە کورتی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

لەنێو هەموو نەتەوە ئازاد و سەربەستەکاندا کە سەروەریی سیاسی و ڕزگاریی  نەتەوەیی خۆیان قەرزباری گیانبازی و گیانبەختکردنی ڕۆڵەکانیانن، ڕێز لە یاد و بیرەوەریی شەهیدەکانیان دەگرن. ئەم ڕێزگرتنەش نوێنگەی ڕێز و پێزانین بۆ ئەو خۆنەویستی و فیداکاریی و بەخشندەییەکە بۆ سەربەستی و ڕزگاریی نەتەوەکەیان بوویانە. ئەم پێزانین و بەرزنرخاندنە بە چەندین شێوە دەکرێت:

یەکەم، بەڕێوەبردنی کۆڕیاد بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لەهەر کات و بارودخێکدا یاد و بیروەریی شەهیدەکانی بەرز ڕابگریت.

دووهەم، تۆمارکردنی ژیاننامەی شەهیدان و نووسینی زیاتر بۆ دەرخستنی لایەنە فرە ڕەهەندەکانی بەسەرهات و چیرۆکی ئازایەتی و لەخۆبوردووییان لە توێی کتێبدا بۆ ئەوەی نەوەکانی دواڕۆژی کۆمەڵگە خەون و خولیاکانی ئەوانیان بیر بمێنێت و ئیلهامی لێ وەربگرن.

سێهەم، دانانی پەیکەرە، بەناوکردنی شەقام و خوێندنگە و بەڕێوەبردنی چالاکیی هونەری، کولتووری و وەرزشی بە ناو و یادی ئەو نەمرانە.

چوارەم، دروستکردنی فیلم، بەڵگەنامە و دێکیۆمێنت‌سازی و خستنەڕووی لە بۆنە تایبەتەکاندا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە باشتر، پتر و هەمەلایەنەتر بە گیانبازییەکانیان بزانێت.

 

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ڕێزگرتن لە شەهیدانی خاک و وڵات و هەروەها سەربازە ونەکانی نیشتمان نەک هەر ئەکتێکی سیمبولیک، بەڵکوو بەرپرسایەتییەکی کۆمەڵایەتییە کە پێویستە بە بەردەوامی لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێمەدا بێت و بچێت و بمێنێت؛ هاوکات ئەم ڕێزنان و پێزانینە یارمەتیدەری بەهێزکردنی هەست و ئینتیمای نیشتمانی و بایەخە مرۆییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگەشە. ئەم ڕێزگرتنە هەستی باوەڕىەخۆبوون و ورەی خۆڕاگری لە کۆمەڵگەدا پەرە پێ دەدات و دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەموو دۆخێکدا ئیلهامدەری فیداکاری لەپێناو خاک و تێکۆشان بۆ ئامانجەکانی سەربەستی بێت. هەروەها ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕەوایی دۆزێک کە لەپێناو چێ‌بوونی دۆخێکدا کە دەستەبەری بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤی ئەم هەرێمە بکات، ڕووبارێک خوێنی پێشکێش کردوە.

ئەم ڕێزگرتن و پێزانینە لەهەمبەر گیانبازیی شەهیدان هاندەر و پاڵنەری شکڵگرتنی شوناسێکی گشتی و هاوپێوەندیی نەتەوەییشە، چونکی دەتوانێت ئینتیمای زیاتر و بەهێزتری کۆمەڵگە و نەوەکانی دواڕۆژ بۆ بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەیی و ئامانجە بەرزەکانی دروست بکات. هاوکات گەیەنەر و هۆکاری گواستنەوەی پەیام و ڕیسالەتی خەباتی مرۆیی و نەتەوەیی شەهیدان بۆ نەوە دوای نەوە و لەو ڕێگەیەوە بەردەوامی و هەڵکشانی ئەم خەبات و ئامانجە بێت. دواجار تۆمارکردنی ژیاننامە و چیرۆکی خەبات و خۆڕاگریی نەمرانی گەل سەرچاوەیەکی بەنرخیشە بۆ توێژەران و مێژوونووسان و یارمەتییان دەدات باشتر لە بەستێنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی دۆخی شۆڕش و ڕاپەڕین بکۆڵنەوە. بەتایبەت بۆ نەتەوە بندەستەکان کە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری و خەبات بۆ سەربەستیی خاک  و نیشتمانن، تۆمار و بەڵگەی گیانبەختکردنی تێکۆشەرانیان پرسێکە بۆ دادخوازی بۆوەی لە مەیدانی حقووقی و یاساییشدا بەرەنگاری ڕێژیمە داگیرکەرەکان ببنەوە.

"سوورخەڵاتان" هەوڵێکی بەنرخە لەپێناو هەموو ئەو ئامانجانەدا کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا و بەڵگەیەکی بەبایەخە لەپێناو دادخوازیی نەتەوەیەکی خەباتکاری ماف‌پێشێلکراو، و هەروەها خەڵاتێکیشە بۆ سوورخەڵاتانی نیشتمان بۆوەی ناو و یادیان بۆ هەمیشە بە نەمری بمێنێتەوە. لەم ڕووەوە ئەرک‌وەخۆگری و ماندووبوونی خاتوو سۆما ناسری و هاوکارەکانی بەو پڕۆژە گرینگ و بەبایەخە جێگای سپاس و پێزانینە.