کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان: حوسییەکان هاوکاریی ئەلقاعیدە و ئەلشەباب دەکەن

11:31 - 14 خەزەڵوەر 2724

کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن حوسییەکانی بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حیزبوڵڵای لوبنان و هاوشێوەکانی، لە گرووپێکی بچووک و بە توانایی کەمەوە بوونەتە ڕێکخراوێکی نیزامیی بەهێز.

کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنەکانیان لە شێوەی ڕاپۆرتێکی ٥٣٧ لاپەڕەیی بڵاو کردەوە و بۆ شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ناردووە.

ئاسۆشەیتێدپرێس لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی: نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی سەرچاوە نهێنییەکانەوە بۆیان دەرکەوتووە کە حوسییەکان بە هاوکاری لەگەڵ گرووپی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەلشەباب لە سۆماڵی خەریکی هاواهەنگی بۆ ئەنجامدانی عەمەلیاتێکن.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی هاوکارییەکانی حوسییەکان لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکانی دیکەی وەک ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە نیمچە دوورگەی عەرەبستان دەربڕیوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، حوسییەکان بە پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی ئێران، کەڵکیان لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس لە غەززە وەرگرتووە هەتا پێگەی خۆیان لە میحوەری مقاومەت کە ئێران ئیدعای بۆ دەکات بەرزتر بکەنەوە و پێگەی جەماوەریی زیاتر لە ناوچەکە و تەنانەت دەرەوەی ئەوێش بەدەست بێنن.

بە وتەی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان، حوسییەکان توانیویانە ژمارەی هێزەکانیان لە ٣٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ نزیکەی ٣٥٠ هەزار کەس تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٤ زیاد بکەن.