کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران لە سووریە کوژرا

12:08 - 10 سەرماوەز 2724

میدیاکانی ڕێژیمی ئێران هەواڵی کوژرانی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی لقی قودسی سپای پاسدارانیان لە کاتی تێکهەڵچوونەکانی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە بڵاو کردەوە.

کەیۆمەرس پوورهاشمی ناسراو بە "حاج هاشم" یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی سپای پاسداران بووە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز لە شاری حەلەبی سووریە کوژراوە.

لە بەیاننامەیەکدا پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران ناوبراوی وەک ڕاوێژکاری باڵای نیزامی و فەرماندەیەکی کاریگەر لە شەڕی سووریە ناساندووە.

پوورهاشمی کە بە ڕاوێژکاری نیزامی ناسراوە، لە فەرماندە دیارەکانی سپای قودس بوو، کە لە وڵاتانی جۆربەجۆر وەکوو سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن، چالاکیی نیزامی ئەنجام داوە.

جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەز، گرووپی ''تەحریر ئەلشام'' لە ناکاو هێرشی بۆ سەر شاری حەلەب دەست پێکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤی سووریە، کە ڕووداوەکانی سووریە ڕووماڵ دەکات، هێرشەکەی سەر حەلەب زیاتر لە ٢٨٠ کوژراوی لە لایەنە جیاوازەکانەوە لێ کەوتووەتەوە.

ئەو ڕێکخراوە کوژراوەکانی بە ١٥٩ چەکداری ئەو گرووپە و ١٠٠ ئەندامی ئەرتەشی سووریە و میلیشیاکانی هاوپەیمان و ٢٨ هاووڵاتی مەدەنی ڕاگەیاندووە.