
سەرەڕای هەوڵەکانی نوێنەری ڕێژیم بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەشکردنی وتاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ، وتاری ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە سەبارەت بە سەرکوت و پەراوێزخستنی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ و تورک و عەرەب لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێ کرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، حەڤدەهەمین کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی کەمینەکان لە ژنێڤ بەڕێوە چوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا، شنە ڕەزابی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ وتارێکی لەسەر سەرکوت و هەڵاواردن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەتایبەت دژی نەتەوەی کورد پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لەم وتارەدا پرسی کەمینەکان، سەپاندنی سزای ناڕەوای سێدارە بۆ سەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و هەروەها داواکاری بۆ ئازادکردنی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە تیشکی خرابووە سەر.
نوێنەری ڕێژیمی ئێران لەم کۆبوونەوەیەدا بە ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناوەڕۆکی ئەم وتارە هەوڵی پێشگرتن لە پێشکەشکردنی وتارەکەی دا و نوێنەری وێنیزۆئێلا و بێلارووسیش لەم ڕاستایەدا هەوڵیان دا پشتیوانی لە نوێنەری ڕێژیم بکەن کە سەرۆکی شۆرای مافی مرۆڤ پشتیوانیی لە درێژەدانی قسەکانی ناوبراو و دەربڕینی داواکارییەکانیان کرد.
ئامادەبووانی ئەم کۆبوونەوەیە لە کۆتاییدا بە چەپڵە لێدان، هاودەنگی و پشتیوانیی خۆیان بۆ وتارەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ دەربڕی.