لە درێژەی چالاکییەکانی تایبەت بە ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سێمینارێک بەم بۆنەوە لەلایەن کۆمیتەی زاگرۆسەوە بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەکە بەڕێوەچوو.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی سەرماوەزی ۱٤۰۳ی، کۆمیتەی زاگرۆس، سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بە بۆنەی ۲٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان بۆ ئەندامانی سەر بەم کۆمیتەیە بەڕێوە برد.
خاتوو بێریڤان عەزیمی پێشکەشکاری سێمینارەکە دوای راگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بە تایبەت ژنانی شەهید و بەخێرهاتنی میوانان، ئامانجی ڕێکخستنی ئەو سێمینارە بۆ ئامادەبووان شی کردەوە .
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا، خاتوو ئاسکە حەسەنزادە بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆس، باسێکی گشتیی لە سەر بۆنەکە و هەروەها دیاردەی توندوتیژی لە دژی ژنان و کچان و جۆرەکانی توندوتیژی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
پاشان خاتوو کەنێرە مێهفەر، لە بەشی دووهەمی سێمینارەکەدا، باسێکی بەراوردکارانەی لە نێوان یاساکانی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ژنان وەک دوو ئەزموونی جیاواز خستە ڕوو.
جێی ئاماژەیە دوای پێشکەشکردنی باسەکان، بەشداربووان بە تێبینی و سەرنجەکانیان، بەشداری باس و گفتوگۆکانی سێمینارەکە بوون.