ئازاد عەباسی، وانەبێژی زمانی کوردی و هاوکات بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ بەندکرانی، ڕەوانەی بەندیخانەی قوروە کرا.
ئازاد عەباسی، ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولانەوە بە بێ بەشداریی خۆی و بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "بیڕێزی بە ڕێبەر" بە دوو ساڵ بەندکران و دواتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران، سزا دراوە.
شایانی باسە پاش ئەوەی ناوبراو لە سەر تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو، بێتاوان ناسێندرابوو بەڵام سزاکانی دیکەی وەک خۆیان پشتڕاست کراونەتەوە و دەبێت جێبەجێ بکرێن.
ئازاد عەباسی، ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە و لە ڕێگای بە کارهێنانی توندوتیژییەوە، بە هۆی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە ڕاگوێزرا. لە کۆتاییدا ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.
شایانی باسە ئازاد عەباسی تاکوو ئێستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتگەر و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە و سزای جۆراوجۆری بەسەردا سەپێندراوە.