بەرپرسی یەکیەتی سەوزە و میوەفرۆشانی کرماشان وتی: دوابەدوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی میوە لە کرماشان، بڕی خواردنی میوەی خەڵکی کرماشان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. گرانی نرخی میوە لە کرماشان بووەتە کێشەیەکی جیددی بۆ بنەماڵەکان و بەرهەمهێنەران.
هەروەها بەرپرسی سەندیکای سەوزە و میوە فرۆشانی پارێزگای کرماشان زیادی کرد: لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا نرخی میوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و ئەم بابەتە نیگەرانیی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە.
ناوبراو وتی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی کشتوکاڵی ، بارودۆخی نالەباری کەشوهەوا و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە هەندێک ناوچە، زیادبوونی ڕۆڵی بازرگانان لە بازاڕی میوەدا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ و بەهۆی ئەم بەرزبوونەوەی نرخەوە، زۆرێک لە خێزانەکان ناچار بوون خواردنی میوەی تازە کەم بکەنەوە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستییان دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵک زیاتر ئەو میوەیە دەکڕن کە تا ڕادەیەک نرخی کەمترە و درێژەدان بەم ڕەوتەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بازاڕی میوە دەبێت.
هەروەها وتی ئەم دۆخە پێویستی بە پلاندانان و ڕێوشوێنی ئابووری لەلایەن دەسەڵاتەوە هەیە بۆ ئەوەی بازاڕ بگاتە دۆخی هاوسەنگی و خەڵک بتوانن سوود لە میوەی تازە وەربگرن کە تا ئێستا هەنگاویان بۆ هەڵنەگرتووە.
گرانیی میوە تەنیا لە شارێک و ناوچەیەک نییە بەڵکوو لە هەموو شارەکانی ئێران هەیە و خەڵک بە دەست ناکارامەیی بەرپرسانەوە دەناڵێنن.
بەپێی ئامارەکان تێچووی سێ کیلۆ میوەی وەرزی بۆ بنەماڵەیەک نزیکەی ٧٠٠ هەزار تمەنە، واتە ئەگەر هەر خێزانێک حەفتەی دوو جار میوەی لە بەرنامەی خواردنیدا هەبێت، دەبێت زیاتر لە یەک ملیۆن تمەن بۆ میوە کڕین خەرج بکەن