بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی گوشارەکانی ڕێژیم بە دژی کاسبکارانی کورد، هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم لە پیرانشار دەستیان بە سەر باری کۆمەڵێک لە کاسبکارانی ناوچەکە گرتووە و چەند ئەسپیشیان کوشتووە.
لەم پێوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بەم ناوەندەی ڕاگەیاندووە کە شەوی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر هێزە سنوورییەکانی ڕێژیم لە پشت گوندی ماشکان لە پیرانشار، دەستیان بە سەر زیاتر لە ١٠ ئەسپی کاسبکاران و بارەکانیان گرتووە.
سەرچاوەکە زیادی کردووە کە شەوێک پێشتریش ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر زیاتر لە ١٥ ئەسپی کاسبکاران لە پشت گوندی زێوکەوە لەلایەن هێزە سنوورییەکانی پیرانشارەوە دەستیان بە سەردا گیراوە کە ژمارەیەکیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم چەکدارانە کوژراون.
گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئەم کاسبکارانە لەحاڵێکدایە کە خەڵکی ئەم ناوچانە بەهۆی نەبوونی هیچ دەرفەتێکی کارەوە ناچارن بۆ بژیوی ژیانیان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم کەلوپەل لە سنوورەکانەوە هاوردە بکەن.
ئەم کاسبکارانە زۆر جار تەنیا بەهۆی هەڵگرتنی یەک یان دوو کەرەستەی کارەباییەوە لەلایەن هێزە سنوورییەکانەوە بە شیوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکرێت.