ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، کاک عەلی بەگ مورادی کەسایەتیی دیار و خۆشناوی یارسانی ناوچەی داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی نەخوشییەوە لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی فینلەند کۆچی دوایی کرد.
کاک عەلی بەگ کەسایەتییەکی نەتەوەیی، خاکی و خاکەڕا، دیار و ناودار لە ناو خەڵکی یارسان بوو.
کوڕێکی ناوبراو بە ناوی عەلی مورادی ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی گشتیی وڵاتی فینلەندە.
کاک عەلی بەگ و بنەماڵەکەی وێڕای سەدان بنەماڵەی دیکە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕی ئێران و عێراق ئاوارەی باشووری کوردستان دەبن و دواتر بە زۆرەملێ دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی " ئەلتاش" لە ڕۆمادی.
دوای سەختی و دژواری ژیان لە ئوردوگای رۆمادی، کاک عەلی بەگ وێڕای بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٩٥ وەک پەنابەر لە وڵاتی فینلەند دەگیرسێتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.