بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر دوای دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردنی دانیشتووانی باشووری بەیرووت، ئیسرائیل بە هێرشی توندی ئاسمانی ئەو ناوچەیەی کە دانیشتووی زۆری هەیە کردە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە، ئەرتەشی ئیسرائیل، بنکە و دامەزراوە و سەروەت و سامانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
هەروەها بەگوێرەی ئاژانسێکی فەرمیی لوبنان، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی لانیکەم ١٠ هێرشی کراوەتەوە سەر بەیرووت و ئەم هێرشانە وێرانکارییەکی بەرفراوانی بەجێ هێشتووە.
ئەم هێرشانە دوای هەوڵە دیپلۆماسییە بێ ئەنجامەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئاگربەست لە غەززە و لوبنان دەستی پێ کردووە.
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان ڕۆژی هەینی ڕەخنەی لە فراوانکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی گرت و وتی: ئەو کردەوانە دەرخەری ڕەتکردنەوەی هەموو هەوڵەکانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دوای زیاتر لە یەک مانگ شەڕ و ئاڵۆزی.
هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان لە دوای پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە ماوەی پێنج حەفتەی ڕابردوودا بە ڕادەیەک پەرەی سەندووە کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، تەنیا لەم ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار و ٨٠٠ کەس کوژراون.