کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بەرهەمهێنانی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا زیاد دەکات

11:12 - 15 خەزەڵوەر 2724

ماڵپەڕی وەزارەتی نەوتی ئێران باسی لە پەسەندکردنی پێشنیارێک بە ناوی "گەڵاڵەی زیادکردنی دەستبەجێی ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت"ی کردووە.

ماڵپەڕی شانا ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی شۆرای "ئێقتساد"، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر ڕێککەوتننامەی چۆنیەتیی دابینکردنی بوودجەی گەڵاڵەی زیادکردنی دەستبەجێی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیان لە سەرچاوەکانی "سندووقی تەوسەعەی میللی"، پەسەند کردووە.

ئەم ماڵپەڕە زیادی کردووە کە محەممەدڕەزا عارف جێگری یەکەمی پزشکییان لە کۆبوونەوەی شۆرای "ئێقتساد"دا ڕایگەیاندووە کە پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵە بە زووترین کات، بابەتێکی گرینگە و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی بەرهەمهێنانی پوختەنەکراوی نێوخۆیی دەبێت و یارمەتیدەری ئابووریی ئێرانە.

بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران نزیک بە ٣ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدایە کە پاش پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵە، ڕۆژانە دەگاتە ٣ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا مەسعوود پزشکییان سەرۆکی دەوڵەتی چواردەیەم گەڵاڵە بوودجەی ساڵی ١٤٠٤ی ڕادەستی مەجلیس کرد کە بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، بوودجەی نیزامیی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو ٢٠٠٪ زیادی کردووە.

بەشێکی زۆر لە داهاتە نەوتییەکانی ئێران جیا لە بوودجەی نیزامی، ڕادەستی هێزە سەربازییەکان دەکرێت، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بوودجەی ساڵانەی ئێران بە داهاتە نەوتییەکانەوە گرێ دراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ جیددیتربوونەوەی بەربەرەکانێکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و هەروەها پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکە و جیهان، تاران لە هەوڵدایە بەرنامە نیزامییەکانی بەرەو پێش ببات و هەر بەم بۆنەوە بوودجەی ساڵی داهاتووی ئەم بەشەی دوو قات کردووەتەوە.