بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤دا لانیکەم ٦ چالاکی ژن دەسبەسەر کراون و ٢٤ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ حاڵەتی ژنکوژی و جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٥ ژنی بەندکراو لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
بەپێی ئەو ئامارە لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، لانیکەم ٦ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەسبەسەر کراون کە ١٢٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لەو مانگەدا بوون و ٢ کەس لەوان لە چالاکانی ژنی کورد بوون.
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤دا لانیکەم ٢٤ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١١١ ساڵ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لەو مانگەدا لانیکەم دەسبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە. لە دوای بزووتنەوەی ژینا گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە.
کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنەسەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێگەی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
هەروەها لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ لانیکەم ١٠ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی ٩ کەسیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە بووە.