لە مانگی گەلاوێژی ڕابردووەوە پەرستارانی ئێران بە هۆی نالەباربوونی دۆخی کاریان و بێگاری و ناجێگیر بوونی کارەکەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.
محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی، دەرمان و پەروەردەی پزیشکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکدا لە ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەر ڕایگەیاند: بۆ پەرستاران و کۆمپانیاکانی دەرمان لە سندووقی دراوی حکوومەت و بیمە ئەو داواکارییانەی کە ماوەیەکی زۆر دواکەوتبوون دراونەتەوە.
ناوبرا وتوویەیی کە داواکاری پەرستاران لە بواری زیادەکارییەوە لە ساڵی ١٤٠٢وە بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ دوا کەوت.
بەڵام پەرستارەکان دەڵێن ٧ مانگ بەسەر ساڵی ڕابردوودا تێپەڕیوە و تا ئێستاش یەک تمەن لە زیادەکارییەکەیان نەدراوەتەوە و سیستمی مووچە و زیادەی کاری پەرستاران چاکسازی نەکراوە.
هەر بۆیە پەرستارانی نەخۆشخانەکانی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر بڕیاریان داوە لە سەروبەندی ڕۆژی پەرستاران واتە پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، دەست بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن بکەن.
لەم پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ئەم مانگە ڕێوڕەسمی ڕۆژی پەرەستاران لە زەنجان بوو بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی پەرەستاران؛ پەرستارانی زەنجان، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لە بەردەم پارێزگاری زەنجان و زانکۆی زانستە پزیشکییەکان کۆبوونەتەوە، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دۆخی مووچە و زۆربوونی کاتژمێری زیادەکاریان دەربڕیوە.
هەروەها شۆرای هەماهەنگیی ناڕەزایەتیی پەرستاران بڵاوی کردەوە کە موحەڕەمعەلی ڕەمەزانی نوێنەری یەکەمی پەرستاران لە پارێزگای زەنجان لە ناو ئاهەنگی ڕۆژی پەرستاران دەسبەسەر کرا و ئەمە کاردانەوەی بەرفراوانی لەنێو کۆمەڵگەی پەرستاریدا بەدوای خۆیدا هێنا.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی گەورەی پەرستاران لە ٥٠ نەخۆشخانە ی ٢٠ شاری ئێران وەکوو یەزد، بووشێهر، مەشهەد، فارس و پارێزگای ئەلبورز بەڕێوە چووە.
هەروەها شۆرای هاواهەنگی ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران ڕایگەیاندووە کە "ئەم ناڕەزایەتییانە ئەوەندە توندن کە خەریکە نەخۆشخانەکان دادەخرێن و تەنیا کاری فریاگوزاری ئەنجام دەدرێ و نەخۆشەکان تەنیا خزمەتگوزاری سەرەتایی وەردەگرن و دۆخەکە مەترسیدارە.
هەروەها پەرەستارانی ناڕازی ڕایانگەیاندووە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر تا ڕۆژی شەممە ١٩ی ئەم مانگە مانگرتنێکی سێ ڕۆژە ئەنجام دەدەن.
ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران درێژەیان هەیە و کەمپەینێک لەژێ ناوی "ڕووبانی ڕەش" هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ڕۆژی پەرستار لە ئێراندا دەستی بەکار کردووە.
وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدەن کە گرووپێک لە پەرستاران بە بەشداری لەم کەمپەینە و بەستنی ڕووبانی ڕەش لەسەر دەست و باسکیان، خوازیاری بەدواداچوون بۆ داواکارییە سێنفیکانی خۆیانن.